کەشناسێک: کەشێکی سارد و زستانەیی دەستپێدەکات

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" خێرای با زیاتر دەبێت و پلەی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو نزمدەبێتەوە"، دەشڵێت" لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکانیش کەشێکی سارد و زستانەیی دروستەبێت". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، ئەمڕۆ هەینی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" بەھۆی نزیکبوونەوەی زیاتری ھەوا ساردەکەی ئێران لە کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ و ئەمشەو بەدواوە بای باکوری رۆژھەڵات لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاوییە سنوریەکانی پارێزگای ھەولێر چالاکتر دەبێت و خێرایەکی دەگاتە نێوان (٢٠ تا ٥٠)کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ھەندێ ناوچەدا بەتایبەت ناوچە شاخاویە سنورییەکان ئەگەر ھەیە ھەندێک کات خێرای با زیاتر لە (٦٠) کم لە کاتژمێرێکدا تێبپەرێنێت. 

ئاراس جەبار ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ پلەکانی گەرما لەو ناوچانەدا کە لە ژێر کاریگەری ئەو بایەدان بە نزیکەی (٤ تا ٦) پلە بەراورد بە ئەمڕۆ نزمدەبێتەوە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان کەشێکی سارد و زستانەیی دروستەبێت و لە ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانیش (٢) پلە نزمدەبێتەوە. 

هەروەها باسی لەوەشکردووە، خێرای با تا ئێوارەی یەکشەممە ٢٩ی ئەیلول بەھەمان چالاکی و خێرای بەرز ناوبەناو بەردەوامی دەبێت و دواتر کەمدەبێتەوە و نیوەرۆی رۆژی دووشەممە کۆتای پێدێت.

بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بۆ سبەی بەمشێوەیەیە دەبێت: 

ھەولێر ٣٥ پلە

سلێمانی ٢٨ پلە

دھۆک ٣٤ پلە

ھەڵەبجە ٣٢ پلە

کەرکوک ٣٥ پلە

ئیدارەی گەرمیان ٣٨ پلە

ئیدارەی راپەرین ٢٩ پلە

ئیدارەی سۆران ٢٩ پلە

ئیدارەی زاخۆ ٣٤ پلە

حاجی ئۆمەران ١٣ پلە


PM:02:40:27/09/2024