لە گوندی بێخاڵ زیاتر لە ١٠٠ مینی چێنراو دۆزرایەوە

بەپێی ڕاگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین، زیاتر لە ١٠٠ مینی چێنراو لە گوندی بێخاڵ دۆزرایەوە.

ئەمڕۆ هەینی ٢٧ی ئەیلوول  بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە، لە گوندی "بیخاڵ”ی سەر بە ناحیەی ڕەواندوز زیاتر لە ١٠٠ مینی چێنراوو تەقەمەنی سەربازی دۆزراونەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمەکانی لابردنی مین کاری پاککردنەوەی ڕووبەرە بە مین چێنراوەکانیان، بە پاڵپشتی ITF لە سلۆڤینیا ئەنجامداوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، تیمەکان توانیویانە ١٠٠ مینی جۆری ڤالمارا (V69) بدۆزنەوە، هەروەها ژمارەیەک پاشماوەی تەقینەوەی جەنگ لە کێڵگە مینەکاندا بدۆزنەوە.

زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت ناوچە سنوورییەکان بە هەزاران مینی چێندراوی پاشماوەی جەنگی تێیدا ماوە کە ساڵانە بە دەیان قوربانی لە ناو هاوڵاتیانی  باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێدەکەوێتەوە.



PM:07:18:27/09/2024