ئاژانسێکی عێراقی: رۆژی یەکشەممە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە دەکرێت

ئاژانسێکی عێراقی کاتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کردو دەڵێت"بەغدا بەڵێنیداوە رۆژی یەکشەممە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێڕێت".

ئاژانسی (بغداد الیوم) لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئەمڕۆ هەینی ٢٧ی ئەیلوول بڵاویکردووەتەوە، بەغدا بەڵێنی داوە یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو پارەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە بکات، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بۆ هەرێم، لە هەمان رۆژدا لیستی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و چەند رۆژێک دواتر مووچەی مانگی ئەیلول دەنێرێت.

وتیشی: حکومەتی هەرێم پێویستی بە ٢٤٣ ملیار دینار هەیە بۆ تەواوکردنی بڕی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، کە دەکاتە ٩٩٨ملیار دینار”.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگەکانی ئاب و ئەیلول ڕادەستکردووە، بەگوێرەی ئەوەی کە دواجار وەزارەتی دارایی فیدراڵی داوای کردبوو.

سەرەڕای ئەوەی ٢٧ ڕۆژ لە مانگی ئەیلوول تێپەڕیوە بەڵام، مووچە خۆرانی هەرێم تا ئێستا مووچەی مانگی ٨یان وەرنەگرتوە.



AM:12:03:28/09/2024