شەماڵ عەبدولوەفا ڕەخنەی توند لە کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا دەگرێت

شەماڵ عەبدولوەفا لە پەیامێکیدا ڕەخنەی توند لە کۆڕەکانی نەوشیروان مستەفا دەگرێت و دەڵێت" زۆرینەی گۆڕان تەنھا نەک بە مەرجەعی نازانێت، بەڵکو تەنھا بە کوڕی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفای دەزانێت". 

شەماڵ عەبدولوەفا کە یەکێکە لە لێپرسراوە ناسراوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە پۆستێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕۆ کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە ناونیشانی (هاوڕێیانی گۆڕان خەریکی چین)، ڕایگەیاندووە" دەمە دەمی یەکلاکردنەوەی ململانێکانن بە ھەڵبژاردنی خانە و رێکخەر لەو ھاوکێشەیە تێ نەگەیشتون کە ھەر لایەکیان بیبەنەوە ھەردوولا دۆڕاون، چونکە گۆڕان خۆی لە لێواری دۆڕاندایە، گۆڕان بە دیاریکردنی خانە و رێکخەر ھەڵناسێتەوە بەڵکو بە هەڵوێست لە ھەردوو حکومەت و گۆرینی گوتار و ھەڵوێستە لەسەر ھاوپەیمانێتییەکان و گەڕانەوە بۆ لای خەڵک ھەناسەیەک دەدات". 

دەشڵێت" کەچی تازە بەتازە وەک حیزبە ناشرینە تەقلیدیە شەرقیەکان ھێز دەبەنە کۆبونەوە رەسمەکانیانەوە، کێلونی دەرگا دەگۆرن و ماڵەکەیان جیا دەکەنەوە خۆ باشتر وایە بەرەی ماڵی کاک نەوشیروان مستەفا بە ڕوونی و ئاشکرا بە بەرەکەی تر بلێن، فەرمون ئەم گردە بەجێ بھێلن ئەمە ئەرز و ئاوی ئێمەیە و ئێوە ھیچ مافێکتان بەسەریەوە نییە". 

لێپرسراوە دیارەکەی گۆڕان ڕاشیگەیاندووە" گۆڕان موڵکی باوکمان بوە و ئێستاش وەک موڵکایەتی کۆمپانیای وشە دێتەوە سەر ئێمە، باشترە لەوەی بەم ھەنگاوانە بەرەو ئەوە بچن دوای کلۆمکردنی یەکە یەکەی ژورەکان دەرگای سەرەکیشان لێ دابخەن و نەیەڵن ئەوەی لەگەڵتان نییە بۆی نییە داخلی گردی پیرۆز بێت، لانیکەم بەشێوەیەکی نەرم و نیان و ئاشتیانە و مەدەنیانە دەریان بکەن و لەیەک جیاببنەوە، یەکێ لە کوڕەکانیش بکەنە رێکخەر و خانەیەکیش دیاریبکەن بە دل و دەستی خۆتان بێت خۆتان رزگار بکەن لەم سەر ئێشەیە". 

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا شەماڵ عەبدولوەفا ڕەخنەی توند لە چیا نەوشیروان دەگرێت و دەڵێت" ئێستا کاکە چیا ناتوانێت بێتە رێکخەر ، چونکە گەر بچێتە پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە ترسی لە دەرچون ھەیە، گەر دەریش چوو نیوەی دەنگەکان دێنێ، ئێ بۆچی ئەوە بکات لەکاتێکدا ئەو خۆی بە مەرجەع و ئیمام دادەنێت، زۆرینەی گۆڕان تەنھا نەک بە مەرجەعی نازانێت بەڵکو تەنھا بە کوڕی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفای دەزانێت". 

پەیامەکەی شەماڵ عەبدولوەفا لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی چیا و نما نەوشیروان مستەفا، سەبارەت بە گرژییەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند" لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتیمانی وەک بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردان لە بزوتنەوەی گۆڕانداو بۆ بەرگرتن لە دروستبونی هەرگرژیەک لە نزیک ئارامگای باوکمانەوە، پێمانباشە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گردی زەرگەتە دەوامی تێدا نەبێت هەتا باردودۆخەکە هێور دەبێتەوە".

دەشڵێن" ئێمە لەم دۆخە دژوارەدا شان ئەدەینە بەر بەرپرسیارێتی و ئەمەمان پێ باشترە، نەوەکو بەیانی ڕوداوێکی نەخوازراو ڕوبدات لە دەرەنجامی ناکۆکی ئەم برادەرانە".


AM:08:16:28/09/2024