عومەر سەید عەلی دەسەڵاتی ڕێكخەری گۆڕانی ڕادەستی دانای ئەحمەد مەجید كرد

لە سلێمانی لە مەڕاسیمێكدا، عومەری سەید عەلی، كە دوای نەوشیروان مستەفا بووبووە ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، دەسەڵاتەكانی خۆی ڕادەستی دانای ئەحمەد مەجید كرد و بەوەش بووە سێیەمین ڕێكخەری گشتی ئەو بزووتنەوەیە.

ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی ئەیلوول، لە سلێمانی لە باڵەخانەی كەناڵی (كەی ئێن ئێن) لە بەختیاری، بەشێكی بزووتنەوەی گۆڕان مەڕاسیمێكیان ئەنجامدا بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتەكانی ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكە لە عومەری سەید عەلی-یەوە بۆ دانای ئەحمەد مەجید.

لە ٢٠ی ١٢ی ساڵی ڕابردوو، گۆڕان دووەمین كۆنفڕانسی نیشتیمانی خۆی ئەنجامدا، كە ئەمەش بۆ ڕێكخستنەوەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بوو، هەروەها بۆ ئامادەكاری بۆ ئەم هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.

بەڵام گرژی و ئاڵۆزیەكانی ناو بزوتنەوەكە هەر بەردەوامە بەتایبەت، كە بانگەشە دەستیپێكردووە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئاڵۆزییەكان زۆر زیاتر بوون و كار گەیشتە ئەوەی كە دەرگاكانی گردەكە داخران و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ڕایانگەیاند" لەپێناو ئاڵۆزترنەبوونی بارودۆخەكە دەرگای گردەكەیان داخستووە".

بڕیاربوو ڕۆژی پێنج شەممە ئەم مەراسیمە لە گردەكەی گۆڕان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی گرژیەكانەوە نەكرا و ئەمڕۆ بە فەرمی عومەری سەید عەلی دەسەڵاتەكان ڕادەستی دانای ئەحمەد مەجید كرد و بووە ڕێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان.


PM:04:12:28/09/2024