ئاراس جەبار: لە ڕۆژانی داهاتوو چالاکی بای بەهێز کەمدەبێتەوە و پێشبینی بارانبارین دەکرێت

شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت"لە ڕۆژانی داهاتوو چالاکی بای بەهێز کەمدەبێتەوە و ڕۆژی سێشەممە داهاتوو پێشبینی بارانبارین دەکرێت".

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئەمشەو شەممە ٢٨ی ئەیلوول لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بڵاویکردەوە، چالاکی بای بەھێزی باکوری رۆژھەڵات لە سبەی ئێوارەوە کەم دەبێتەوە،  نیوەرۆی رۆژی دووشەمە ٣٠ ئەیلوول کۆتایی پێدێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد،  ھەر لەگەڵ کۆتای ھاتنی باکە پێشبینی ئەکرێت پاڵەپەستۆیەکی نزمی ھەواو بە بارستە ھەوایەکی شێدارەوە لە باشوری وڵاتی ئەوروپاوە جوڵە بکات بە سەر ناوچەکانی وڵاتی تورکیا و باکوری کوردستان و لەنێوان ئێوارەی رۆژی سێشەمە ١ی تشرینی یەکەم  بۆ نیوەرۆی رۆژی چوارشەمە ٢ی تشرینی یەکەم چاوەروان دەکرێ کاریگەری ببێت لەسەر بەشێکی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان کە خۆی ئەبینێتەوە لە حاڵەتێکی ناجێگیری کەش و بەرگەھەوا و چالاکبوونی با و ھەورە بروسکەی بەھێز و تاوە بارانی مامناوەند و بەخوڕ بەتایبەت بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و بەرێژەیەکی کەمتریش بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و ھەڵەبجە و باکوری گەرمیان و ئیدارەی سۆران کاریگەری ئەبێت.

وتیشی، بەگشتی حاڵەتێکی خێرایە و ماوەکەی کورتە کە ئێوارەی سێشەمە دەستپێدەکات و نیوەرۆی چوارشەمە ٢ی تشرینی یەکەم کۆتای پێدێت رێژەی بارانەکان بەگشتی بۆ زۆرینەی ئەو ناوچانەی لەسەرەوە باسمان کرد کەم بۆ مامناوەندە لەنێوان ٢ تا ١٠ ملم و لەھەندێ شوێنیش بەتایبەت لەسنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین ئەگەر ھەیە ھەورە بروسکەی بەھێز و توند چالاکببێت و باران و تەرزەی بەخوڕی لێببارێت بەرێژەی ٢٠ تا ٤٥ملم کە لە ئەنجامدا لەماوەیەکی کورتدا ببێتە ھۆی دروستبوونی لافاوی خێرا ، بۆ ناوچەکانی دیکە بەگشتی لاواز ئەبێت بەتایبەت سنوری پارێزگای دھۆک و شاری ھەولێر و بەشێکی سنوری گەرمیان و کەرکوک لەوانەیە بارانیش نەبارێت.



AM:12:27:29/09/2024