کۆمیسیۆن: تا ئێستا ١٥ سەرپێچی تۆمار کراوە

بە وتەی بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تا وەکوو ئێستا ١٥ سەرپێچی، کە زۆربەیان لەلایەن حیزبەکانەوە کراون تۆمار کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٤ نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق  لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ میدیای پارتی راگەیاند" ژمارەی سەرپێچییەکانی بانگەشە تاوەکو ئەمڕۆ گەیشتووەتە ١٥ سەرپێچی، کە زۆربەیان لەلایەن حیزبەکانەوە کراون."
 
وتیشی" ئێمە، وەکو کۆمیسیۆن و شارەوانییەکان، رێنماییەکانمان وابووە، هیچ پۆستەرێک لەنێوان شەقامەکان و لەنێو باخچەکان دانەنرێن و بە ستوونەکانی کارەباوە هەڵنەواسرێن، بەڵام دەبینین زۆربەی هەرە زۆری ئەو پۆستەرانە لەو سێ شوێنە قەدەخە کراوە هەڵواسراون یان دانراون."
 
سەبارەت بە سزای ئەو جۆرە سەرپێچییانە، نەبەرد عومەر دەڵێت" بەگوێرەی ئەو یاسایەی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاری پێدەکات، سزاکەیان بە پێبژاردن دەبێت، کە لە ١٠٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە ٥٠٠ هەزار دیناریش زیاتر نەبێت."
 
سزاکانیش بەگوێرەی سەرپێچییەکان بەم شێوەیە دەبن: پێبژاردن کە بەربژێر و حیزب بە پارە سزا دەدرێت، دەستگیرکردن هەیە لە مانگێک تاوەکو ساڵێک، ئەگەر سەرپێچییەکەش گەورە بێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت بەربژێری سەرپێچیکار دووربخاتەوە.
 
٢٠ـی تشرینی یەکەم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، دوو رۆژ بەر لەوە دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت، و بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ بەردەوام دەبێت.



AM:09:55:29/09/2024