ئەنجوومەنی ئاسایش دانپێدانانی سووتێنەرانی بازاڕەکان بڵاودەکاتەوە

 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان)هەولێر) لە ڕاگەیێنراوێکدا دانپێدانانی ئەندامێكی ئەو گرووپەی بڵاوکردەوە کە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیان سووتاند.

 ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان(هەولێر) ئەمشەو سێشەممە ١ی تشرینی یەکەم ڤیدیۆی دانپێدانانی یەکێک لە تۆمەتبارەکان بەناوی (رەنج حەبیب سۆراب) لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە و رایانگەیاندووە، لە ئەو تۆمەتبارە بە فەرمانی دادوەر و لە رۆژی ٨ی تەممووز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیر کراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
 
رەنج حەبیب سۆراب، لە ڤیدیۆی دانپێدانانەکەیدا دەڵێت، "بە کاروان ناسراوم، لە ساڵی ١٩٩٢ لە هەڵەبجە لە دایکبووم و راهێنەری سەگم لە شاری سلێمانی، لە ساڵی ٢٠٢١ لە زانکۆ کەسێکم ناسی بە ناوی هونەر فەخرەدین، لە ٢٠٢٣ لەدوای زانکۆ هونەر پەیوەندی پێوە کردم و گوتی کە کەسێک لە هەواڵگریی پەکەکە دەیەوێت بیبینێت، منیش قبووڵم کرد و چوومە بەردەرکی سەرای سلێمانی بینیم."
 
تۆمەتبارەکە لە گێڕانەوەی چیرۆکی تاوانەکەدا باس لەوە دەکات، "ئەو کەسەم ناسییەوە کە بینیم، ئەویش ئاشتی فەخرەدین، برای هونەر بوو کە بە زاگرۆس گەرمیانی ناسراوە. داوای لێکردم کە لە تورکیا کاری گێرە شێوێنی و سووتان ئەنجام بدەم، بەڵام رەتمکردەوە. دوای ماوەیەک هونەر جارێکی دیکە پەیوەندی کردووە کە هاوکاری بکەم لە بەرامبەر بڕێک پارە، منیش قبووڵم کرد."
 
 رەنج حەبیب سۆراب دەشڵێت "هونەر داوای لێکردم بچمە دووکان و لەوێ کەسێک بە ناوی عەلی ببینم و بە کاوە خۆمی پێ بناسێنم، لەوێ عەلیم بینی ئۆتۆمبێلێکی فۆرتی سپی پێبوو، لەگەڵی سواربووم و چووینە هەولێر و بۆ بازاڕی لەنگە هەموو ئەو شوێنانەمان دیاریکرد کە پێویستە ئیشی لێبکەین و کاتی قەرەباڵخی و چۆڵبوونی بازاڕمان دیاریکرد و عەلی گەڕایەوە بۆ سلێمانی بەڵام من لە هەولێر مامەوە، رۆژی دواتر هاتەوە."

ئەوەش لە کاتێکدایە جگە لە دانپێدانانی تۆمەتبارەکان هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەنجامی تاوانەکە بەدەست دەستگیرکراوەکان نەخراوەتە ڕوو.



PM:09:50:01/10/2024