بافڵ تاڵەبانی: لە كوردستان گەواد نوێنەری هەیە.. مەسرور بارزانی دەیبەیت لەگەڵ تاڵەبانی رەتدەکاتەوە


رۆژ بەرۆژ هەڵمەتی هەڵبژاردنی نێوان پارتی و یەکێتی گەرمتر دەبێت، بافڵ تاڵەبانی لە هەڵەبجە داوا لە مەسروربارزانی دەکات دیبەیت بکەن، بەڵام مەسرور بارزانی رەتیدەکاتەوەو دەڵێت" بۆ بانگەشە پەلاماری پارتی دەدەن هەندێك هێڵ هەیە مەیبەزێنن، چونكە سبەینێ دێنەوە لامان، ئەوەندەی تێدا بهێڵنەوە كە بتانبورین".

لە میانەی کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە هەڵەبجەی شەهید، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت" شاری زل و زەبەلاحیان درووستكردووە پڕ لە بێئەخلاقی، ئەو شارە نوێنەری هەیە دوێنێ نوێنەرەكەیان قسەی كردووە، هەر لە كوردستان گەواد نوێنەری هەیە".

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" "هۆكاری نەهاتنی مووچە ئەوەیە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەیەوێت مووچە لەبانكەكانی خۆیانەوە بدرێت، هەرچەندە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كێشەی بودجەی لەبەغدا چارەسەر كرد، بەڵام ئەوان نەیانهێشت، چونكە دەیانەوێت بچێتە گیرفانی خۆیانەوەو گیرفانی لێپڕكەن".

لەلایەکی ترەوە لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنیپارتیدا،  مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خوێندکاران و لاوان و ئافرەتان وتی" وەڵامی ئێمە یەك وشەیە "ناتوانن".

لە درێژەی قسەکانیدا وتی" پیلانیان گێڕا بۆ ئەوەی ئەم قەوارەیە نەهێڵن"وتیسی ٢٠  مانگ دەردەكەوێت كێ‌ حوكمڕانی ئەم وڵاتە دەكات".
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، وتیشی " دروشمی وایان هەڵگرتووە بە ئێمە دەڵێن، كۆتایی دەهێنین، كۆتایی بەچی دێنن؟ بە قەوارەی هەرێمی كوردستان، بە شكۆی پێشمەرگە، بە ئاوەدانی؟.

هەروەك پێشتر وتم، وەڵامی ئێمە یەك وشەیە"ناتوانن"، پێشتریش هەوڵیاندا ئەمە هی ئێستا نیە، پێشتریش هەوڵیانداوە ئەم قەوارەیە نەهێڵن، بەشداربوون لە پیلانەكان بۆ ئەوەی ئەم قەوارەیە لاوازبكەن، ئامادەبون خۆشیان لەناوبەرن بەس لەپێناو ئەوەی ئەم حكومەتە لەژێر سەركردایەتی پارتی شكستبهێنێت، هەوڵەكانیان بەردەوامبووە بەڵام كە نەیانتوانیوە هۆكارەكەی ئەوەیە، ئەم وڵاتە خاوەنی هەیە، پارێزەری هەیە، هیچ لایەن و هیچ كەسێك ناتوانێت كاروانی پارتی رابگرێت".

جێگری سەرۆکی پارتی هۆشداری دەدات و وتی" ئەو لایەنانەی پەلاماری پارتی دەدەن، پێیان دەڵێین؛ ئێستا كە بۆ بانگەشە پەلاماری پارتی دەدەن هەندێك هێڵ هەیە مەیبەزێنن، چونكە سبەینێ دێنەوە لامان، ئەوەندەی تێدا بهێڵنەوە كە بتانبورین".




PM:09:09:02/10/2024