سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" مام جەلال رۆڵێکی سەرەکی و شەرەفمەندانەی هەبوو لە خەبات دژی ستەمکاریی و دیکتاتۆریەت بە درێژایی چەندین دەیە".
محەمەد شیاع سودانی، سەرک وەزیرانی عێراق لە حەوتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵیت " لەم رۆژەدا یادی حەوت ساڵەی کۆچی دوایی مام جەلال، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق دەکەینەوە، کە رۆڵێکی سەرەکی و شەرەفمەندانەی هەبوو لە خەبات دژی ستەمکاریی و دیکتاتۆریەت بە درێژایی چەندین دەیە، هەروەک رۆڵی دیار و بەرچاوی هەبوو هاوشانی کەسایەتی و هێز و لایەنە نیشتمانییەکانی عێراق لە دامەزراندنی عێراقێکی دیموکراسی فیدراڵی دەستووری".
دەشڵێت "مام جەلال کاریگەرییەکی گەورە و رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بەهێزکردنی ریزەکانی نێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان و چەسپاندنی چەمکەکانی پێشخستنی بەرژەوەندیی نیشتمانیی بەسەر بەرژوەندی حیزبی، ئەمەش بنەمایەکە تاوەکو ئێستا بەهۆیەوە ئیلهام لە رێبازەکەی وەردەگرین لەسەرجەم بوارەکانی کاری سیاسی و بەرنامەی حکومی".
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت "ئەو بنەما و پرەنسیپانەی سەرۆکی کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی بەشداریی لە بەهێزکردنیدا کرد، بووەتە ناونیشانی عێراقێکی سەقامگیر و بەهێز و دەروازەیەک بۆ خزمەتکردنی گەلەکەمان لە تەواوی خاکی عێراق".