فەرمانبەرانی ناڕازی: هەژماری من پڕۆژەیەکی تاڵانکارییە

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ هەینی ٤ی تشرینی یەکەم ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێن"سەڕەرای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ بەنیشتمانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراق بەلام حکومەتی کوردستان هەوڵی سەپاندنی پڕۆژەی هەژماری من بەسەر مووچەخۆراندا دەدات کە پڕۆژەیەکت تالانکارییە".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن" جێگری سەرۆکی حکومەت و حیزبەکەی خەریکی یارییەکی ناشیرینن لەگەڵ مووچەخۆراندا؛ بە زارەکی و ئاشکرا دژی هەژماری من دەوەستنەوە و بە نهێنی کار بۆ سەرخستنی دەکەن. کۆتا هەوڵی نەزۆکیشیان بەزۆر ناچارکردنی خانەنشینانە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من".

دەقی ڕاگەیەنراوی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی

بەناوی خودای دادگەر مامۆستایان،

فەرمانبەران خانەنشینان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان

ئاشکرای هەموو لایەکە، کە دەسەڵاتی تاڵانکار و خۆسەپێن، لە ماوەی سی و سێ ساڵی حوکمڕانییاندا ستەمێک نەماوە بەرامبەر خەڵک و خاکمان نەیانکردبێت، یاسایەک نەماوە بۆ بەرژەوەندیی پاوانخوازیی خۆیان پێشێلییان نەکردبێت.

ئێستاش، کە لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنداین، حەق وایە هیچ نەبێ ئەم چەند ڕۆژە لە درۆ و چەواشەکاریی و چەوساندنەوەی مووچەخۆر و خەڵکی بەشمەینەت خۆیان بەدووربگرن.

بەڵام بەداخەوە ڕابردووی ناشیرینیان نەبووەتە وانە و پەند بۆیان و هێشتاش هەر خەریکی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکن و بەدوای تۆپینی خۆیان و زیانی خاوەنەکانیانەوەن.

پاش ١٥٠ ڕۆژ خەباتی ساڵی ڕابردووی مامۆستایان و فەرمانبەران و هەوڵی چەند کەسایەتی و لایەنێکی بەهەڵوێست، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەدایکبوو، کە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان بڕیاری بەنیشتیمانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە دەرکرد.

بەڵام دەسەڵاتی هەرێم تا ئێستا نەچووەتە ژێر باری ئەو بڕیارە و لەبەرامبەریشدا هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ بۆ سەپاندنی پڕۆژەی "هەژماری من" بەسەر مووچەخۆراندا، کە پڕۆژەیەکی تاڵانکاریی بنەماڵەییە و زیان نەبێت هیچ سوودێکی بۆ مووچەخۆرانی کوردستان نییە.

هاوکات ڕێگایەکی تری دزیکردنە لە خەڵک و گیرفانی نەگریسی خۆیانی پێ پڕدەکەن.لە ئێستادا و دوای نزیکەی ٨ مانگ لە دەرچوونی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و حیزبەکەی، بەردەوامن لە سەپاندنی هەژماری من.

لەبەرامبەریشدا جێگری سەرۆکی حکومەت و حیزبەکەی خەریکی یارییەکی ناشیرینن لەگەڵ مووچەخۆراندا؛ بە زارەکی و ئاشکرا دژی هەژماری من دەوەستنەوە و بە نهێنی کار بۆ سەرخستنی دەکەن.

کۆتا هەوڵی نەزۆکیشیان بەزۆر ناچارکردنی خانەنشینانە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من.

ئەمەش وایکردووە ئەو حیزبەی، کە هێزی یەکەمی ئەم سنوورەیە بخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی و ئاگاداریبکەینەوە دەست لەم جۆرە سیاسەتکردنە هەڵگرێت و بۆ یەکجاریش بێت لەگەڵ خۆیان و خەڵک ڕاستگۆبن، لە جیاتی ناردنی بلدۆزەر بۆ هەولێر، ئامێرەکانی ATM لە سلێمانی تێکبشکێنن، یاخود ڕاستگۆیانە دژی سەپاندنی پڕۆژەی هەژماری من بەسەر مووچەخۆرانی زۆنەکەیدا بوەستنەوە و چیتر لەڕێگەی چەواشەکارییەوە کار لەسەر گەوجاندنی خەڵک نەکەن.

لە هەمان کاتیشدا و لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی، داوا لە تەواوی مووچەخۆران دەکەین، کە بە هیچ شێوەیەک ئەو فۆڕمە پڕنەکەنەوە، لە سۆشیاڵ میدیا و هەر شوێنێک توانایان هەیە دژی بوەستنەوە و ڕەتیکەنەوە.

دڵنیاییش بە هەموولایەک دەدەین، ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین و لەگەڵ حکومەتی فێدڕاڵی لەسەرهێڵین بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وەک خۆی و ئەوانەشی بەربەست دروست دەکەن، ڕووبەڕووی دادگای تایبەتمەندیان دەکەینەوە

 ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ٤ی ١٠ی ٢٠٢٤



AM:12:11:05/10/2024