وادەی دابەشکردنی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە ڕاگەیەندرا

بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی هاوکاری هاوپەیمانان بەسەر پێشمەرگەدا بکرێت. 

لیوا توانا سدیق بەڕێوەبەری گشتی بودجە و ژمێریاری سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە" ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب، هاوکاری هاوپەیمانانیش بەسەر پێشمەرگەدا دابەشدەکرێت".

بەپێی زانیارییەکان، هاوکارییەکە تایبەتە بە لیوا هاوبەشەکان کە بڕەکەی ٤٠٢ هەزار دینارە. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی دابەشکردنی مووچەی بۆ مانگی (ئابی) ئەمساڵ بڵاوکردەوە و دوێنێش بە پێدانی مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی دەست بە دابەشکردنی کرا.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٨ی تشرینی یەکەم بە پێدانی مووچەی (رۆشنبیرى و لاوان و کارەبا و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و خوێندنى باڵا و توێژنەوەى زانستى و پێشمەرگە (دیوان و لیواکان) و یەکەى ٧٠ و ٨٠ و ئەنجومەنى ئاسایش و دەزگاى ئاسایش و هێزى زێرەڤانى و فەرماندى بەرگرى فریاکەوتن و ب. پۆلیس و دامودەزگا نەوتییەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەرێم و ئەنجومەنى وەزیران) كۆتایی به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی هەشتی فەرمانبەران دێت.


PM:12:01:05/10/2024