شاندێک بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان سەردانی بەغدا دەکات

بڕیارە بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان شاندێک بچێتە بەغدا.

ئەمڕۆ شەممە ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٤ زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "  بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کراوە، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدراوە".
 
بریکاری وەزارەتی کۆمەڵایەتی دەڵێت"لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی وەزارەتەکەمان تایبەت بۆ پرسی مووچەی خانەنشینان دەچێت بەغدا بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دۆسیەکە یەکلایی بکرێتەوە". 
 
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ، ئێستا نزیکەی ٧٦ هەزار هاونیشتمانیی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت وەردەگرن.

ئەوە لە کاتێکدایە، ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراق کرا و مووچەی مانگی حەوتیان بە هاوتاکراوی وەرگرت.


PM:07:04:05/10/2024