وەزارەتی خوێندنی باڵا: ماوەی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین بۆ ٢٤ی كاتژمێری داهاتوو درێژکرایەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ماوەی (زانکۆلاین)ی بۆ ٢٤ی كاتژمێری داهاتوو درێژکردەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمشەو شەممە ٥ی تشرینی یەکەم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەپێناو پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووانی ١٢ی ئامادەیی بۆ ئەوانەی تا ئێستا فۆڕمی (زانکۆلاین)یان پڕنەکردۆتەوە یان تەواویان نەکردوە بەتایبەت دەرچووانی ١٢ی ئامادەیی لە کەرکوک و شەنگال و خانەقین، بڕیاردرا ماوەی زانکۆلاین (٢٤) كاتژمێری دیکە واتە تا كاتژمێر (١٢)ی شەوی ڕۆژی یەک شەممە لەسەر دووشەممە رێکەوتی (٢٠٢٤/١٠/٦) بۆ دەرچوانی قۆناغی ١٢ی ئاماەیی وەک دواین دەرفەت درێژبکرێتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە بەهەر هۆکاربێت نەیانتوانیوە فۆرمی زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە و فۆڕمی زانکۆلاین تەواوبکەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمە دواین دەرفەتە و چیتر ماوەی زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچوانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆڕمی (زانکۆلاین) یان پڕنەکردۆتەوە، پێویستە لەماوەی ئەو ٢٤ كاتژمێردا پەلەبکەن و تەواوی هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوە و تەواوکردنی فۆڕمی زانکۆلاین.



PM:08:53:05/10/2024