"بڕیاری بەشداریکردن لە هەڵبژاردن چارەنووس دیاری دەکات"

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لەکاتێکدایە نازانین دۆخی ناوچەکە بە کوێ دەگات، هەروەها بڕیاری بەشداریکردن لە هەڵبژاردن چارەنووس دیاری دەکات". 

مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە شاری دهۆک دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی دهۆک وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" هەر بڕیارێک لەم هەڵبژاردنە بدەین چارەنووسی وڵاتی خۆمان دیاری دەکەین، داهاتووی منداڵەکانی خۆمان دیاری دەکەین".

وتیشی" ئەم هەڵبژاردنە بڕیاردانی ئێمە دیاری دەکات دوای ئەم هەڵبژاردنە لە چوار ساڵی داهاتوودا شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بە چ شێوەیەک دەبێت". 

جێگری سەرۆکی پارتی ڕاشیگەیاند" ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین و هەر یەکێک لە ئێمە وا پێشبینی بکات کە ئەم دۆخە هەروا بەردەوام دەبێت، یان دەنگ بدەم یان دەنگ نەدەم هیچ جیاوازییەکی نییە، هەڵەیە، چونکە ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە دەنگ نەدات، ئەوە کەسێکی دیکە لە جێگەی دەنگ دەدات، ئەگەر ئێوە بڕیار نەدەن، کەسی دیکە لە جێگەی ئێوە بڕیار دەدات، هەر بۆیە بڕیاری بەشداریکردن لە هەڵبژاردن چارەنووس دیاری دەکات". 

هەروەها بارزانی جەختیشیکردەوە، وڵات بە تەنیا بە وتار و قسەکردن و بەڵێندان بەڕێوە ناچێت، هەر بۆیە پێویستە خوێندنەوەیەکی دروست لەسەر ڕابردووی هەر لایەنێکی سیاسی هەبێت، بۆ ئەوەی بزانن لە ئاستی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەن یان نە.


PM:02:09:06/10/2024