وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت" ئامادەكارییەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێم خێراتر كراوە".
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" ئامادەكارییەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێم خێراتر كراوە و بەزوترین پرۆسەكە لەو شارەوانییانەی كە كارە هونەری و كارگێڕییەكانیان تەواو كردووە دابەشكردنی زەوی دەستپێدەكات".
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئێستادا لیژنەی باڵای دابەشكردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕۆژانە لە بەیانییەوە تاوەكو ئێوارە، بە چڕی كار لەسەر فۆڕمەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەكەن و هەنگاوەكانی پرۆسەكەش زۆر بە باشی چووەتە پێش و بەزووترین كات، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دابەشكردنی زەوی دەستپێدەكات.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، ئەو شارەوانییانەی كە هەموو ڕێكارەكانیان تەواو كردووە بەزووترین كات پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لەو شارەوانییانە دەستپێدەكات و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەكان دەیانگرێتەوە، زەویان بەسەردا دابەشدەكرێت.