زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەران ڕاگەیەندرا

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" وەزارەتی دارایی عێراق تەمویلی وەزارەتی دارایی هەرێمی كردووە بۆ مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران".

كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، شەوی دووشەممەی ڕابردوو، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" وەزارەتی دارایی عێراق تەمویلی وەزارەتی دارایی هەرێمی کردووە بۆ مووچەی مانگی نۆ و بڕی یەک ترلیۆن دینار هی مووچەی ئەم مانگەیە". 

ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاندووە" حکومەتی هەرێم ئامادە نییە داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی ئیتحاد بکات و هەرجارە و بڕێکی زۆر کەم کە ناکاتە (٢٠%)ی کۆی داهاتی نانەوتی دەخاتە سەر حسابی بانکی ناوەندی عێراق". 

"حکومەتی هەرێم زیاتر لە ترلیۆنێک و دوو سەد ملیاری داهاتی نانەوتی عێراق قەرزارە و هەرجارە و پەنجا ملیارێک دەداتە عێراق". (کاروان یاروەیس وادەڵێت)

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی بڵاوکردەوە.

بەپێی خشتەکەی دارایی هەرێم، ڕۆژی سێشەممە ٨ی تشرینی یەکەم بە پێدانی مووچەی (رۆشنبیرى و لاوان و کارەبا و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و خوێندنى باڵا و توێژنەوەى زانستى و پێشمەرگە (دیوان و لیواکان) و یەکەى ٧٠ و ٨٠ و ئەنجومەنى ئاسایش و دەزگاى ئاسایش و هێزى زێرەڤانى و فەرماندى بەرگرى فریاکەوتن و ب. پۆلیس و دامودەزگا نەوتییەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەرێم و ئەنجومەنى وەزیران) كۆتایی به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی هەشتی فەرمانبەران دێت.



AM:12:01:08/10/2024