بەڕێوەبەری لقی سلێمانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئەو خێزانە لوبنانیانەی هاتوونەتە عێراق زیاتر دابەش بوون بەسەر شارەکانی وەک نەجەف و کەربەلا و تەنانەت ژمارەیەک خێزانیش هاتوونەتە هەولێر و کەرکوک". دەشڵێت" هاتنی ئەو خێزانانە دەبێتە بارگرانی بۆ عێراق، بەڵام دەستی مەزهەبی لە پشت هێنانیانەوەیە".
سامر مەشکور بەڕێوەبەری لقی سلێمانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" لە ئاستی عێراق تا ئێستا ١١٠٠ بۆ ١٢٠٠ خێزانی لوبنانی هاتوونەتە عێراق کە بە نزیکەیی دەگاتە ٣٥٠٠ کەس، زیاتر دابەشبوون بەسەر باشووری عێراق، لە شارەکانی کەربەلا و نەجەف و سەڵاحەدین و بەغداد، لە ئێستادا شوێنی نیشتەجێبوون نییە بۆ ئەو ئاوارانە، بۆیە هەمووی لە هۆتێل جێیان کراوەتەوە".
وتیشی" ژمارەیەکی خێزانی کەم هاتوونەتە هەرێم، بۆ نموونە هەولێر کەمتر لە ٢٥ خێزان، کەرکوک نزیکەی ٥٠ خێزان، بەڵام کەس نەهاتووە بۆ سلێمانی".
سامر مەشکور ڕاشیگەیاند" هاتنی ئەو ئاوارانە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران بووە، سەرۆک وەزیران دەڵێت، ئەوانە میوانن و ئاوارە نین، چونکە لە سەردەمی شەڕی داعش ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ئێمەش چوونە لوبنان".
دەشڵێت" ئەمە فشاری بۆ عێراق دروستکردووە، چونکە وەک هەرێم وەزع باش نییە لە ڕووی دارایی، لە عێراقیش هەمان شێوەیە تەنها مووچە باشترە، بەڵام دەستی مەزهەبی لە پشت هێنانی ئەو ئاوارانەوەیە بۆ عێراق".
ئەوەشی خستەڕوو، دوێنێ وەفدێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران چوونەتە لوبنان و سوریا تایبەت بەو پرسە، وە لیژنەی بەردەوامیان لە سنورەکان جێگیرکردووە، لە ئەگەری هاتنی بەردەوامی کۆچبەران.