سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆتا كەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەولێر ڕایگەیاند" پارتی داربەڕووە و بە هیچ كەسێك ناڕووخێت و ئەوەی بە ئاشتی لەگەڵ پارتی بەدەستی دەهێنن بە دژایەتی بەدەستی ناهێنن".
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتارێكدا ڕایگەیاند" ئەم هەڵبژاردنە دەبوو چەند ساڵێك پێشتر بكرایە، بەڵام هەندێك لایەن خۆیان لێ دەدزیەوە و دەیانویست بەو جۆرە بكرێت، كە پێشتر دیزاین كرابێت، بەڵام ئێمە ئەوەمان قبوڵ نەكرد".
وتیشی" پارتی خاوەنی بیرۆكەی هەڵبژاردن بووە هەر لە ساڵی ١٩٩١دا و لە شاری كۆیە ئەوەم ڕاگەیاند، دوای هەڵبژاردن دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەنەکان رادەکێشین ".
ڕاشیگەیاند"، گەلی كوردستان بە دەنگی خۆیان شێوازی حكومڕانی دیاری دەكەن، چونكە پەرلەمانی داهاتوو كاری گرنگی هەیە و یەكەم كاری بریتی دەبێت لە نووسینەوەی دەستوور و دەركردنی چەندین یاسای گرنگ و سڕینەوەی ئەو ئاسەوارەی كە دەیانویست قەوارەی هەرێم نەهێڵن".
جەختیشی كردەوە، سەرەڕای سنوور بەزاندنی هەندێك كەس و لایەن ئێمە تەحەمولمان كرد، بۆیە سوپاسی دامودەزگاكان دەكەم، كە دانەبەزینە ئەو ئاستە نزمە.
بارزانی ئاشكراشی كرد، دوای هەڵبژاردن نابێت ئەم فەوزایە بمێنێت لە كوردستان، بەڵكو دەبێت یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حكومەت و یەك هێزی پێشمەرگە هەبێت و دەبێت كۆتایی بهێنرێت بە هاوكاری تیرۆر و كۆتایی بهێنرێت بە ماددەی هۆشبەر، كە مەترسی زۆری لەسەر هەرێم دروست كردووە.
سەرۆكی پارتی دەشڵێت" خزمەتگوزاری زۆر كراوە و ئەوەی كراوە بۆ خەڵكی كوردستان كراوە و منەتی تێدا نییە، هەرچەندە هەڵەش كراوە، چونكە ئەوەی ئیش نەكات هەڵەش ناكات".
ئاماژەی بەوەشكرد، چۆن لە ٢٥ی ئەیلول و لە ڕیفراندۆمدا سەربەرزی بۆ كوردستان تۆماركرا و لە ٢٠ی ئۆكتۆبەر پێشمەرگە لە سحێلا و پردێ نەیهێشت ئیرادەی كوردستان بشكێت و پلانی داگیركردنی كوردستانیان پووچەڵكردەوە، لە ٢٠ی ئەم مانگەدا ئەو سەربەرزییە تۆماربكەنەوە، بۆیە " خۆتان نەچەمێنن".