سەعدی پیرە باسی لەوەکرد کە" قۆناغی پێکهێنانی حکومەت ئاسان نابێت".
سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند" هەڵبژاردن پرۆسەیەکی زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان و "دەبێت هەموو لایەنەکان هاوکار بن بۆئەوەی چۆن بانگەشە، بەبێ کێشە کۆتایی هات، هەڵبژاردنیش بەبێ کێشە ئەنجام بدرێت".
لەبارەی بانگەشەی تووندی حزبەکەی بۆ هەڵبژاردن، سەعدی پیرە وتی،" قسەکانی بافڵ تاڵەبانی لە بانگەشە بۆچوونی یەکێتی بووە، کە ئێمە دەمانەوێت ئەم دەسەڵاتە بگۆڕین، ئەوە باشە، نەک ئەوەی قسەیەک بکەیت و شتێکی دیکە جێبەجێ بکەیت".
سەعدی پیرە باسی لەوەش کرد" قۆناغی پێکهێنانی حکومەت ئاسان نابێت و دەبێت هەموو لایەنەکان هەوڵ بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان”. پێشبینی ئەوەشی کرد، رێژەی دەنگەکانی حزبەکەی و ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمان زیاد بکات".
کاتژمێر ٧ی ـی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٠ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێکرد و تاوەکوو کاتژمێر ٦ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و خەڵکێکی زۆر لە چاوەڕوانینیدان بۆ ئەوەی دەنگبدەن.
لەم هەڵبژاردنەدا ١٤ پارت و هاوپەیمانی رکابەری لەسەر ٩٥ کورسیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن لەگەڵ پێنج کورسی بۆ کۆتا.
ڕۆژی هەینی، ١٨ی تەشرینی یەکەم دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداریی گەیشتبووە سەدا ٩٧ و ٢٠٨ هەزار و ٥٢١ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، دەنگیان دا.