وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وێڕای ئاشکراکردنی داهاتی نەوتی هەرێمی
کوردستان، رایگەیاند، کە لە كانونی دووەمی 2104ەوە، هەرێمی كوردستان
نزیكەی34 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، کە حکومەت لە بەرنامەیدایە لە کۆتایی ئەمساڵ 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە هەناردەی دەرەوە بکات و رێژەکەش لە چارەگی یەکەمی 2015، بگەیەنێتە 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
دەقی راگەیەندراوەکە:
وەزارەتی سامانە سروشتیەكان خۆشحاڵە بە راگەیاندنی زیادبوونی هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە.
رێژەی رۆیشتنی رۆژانە لە هێڵی بۆری نەوتی خاوی كوردستانەوە بۆ توركیا لە 185,000 بەرمیل نەوتی رۆژانەوە لە ئابدا بۆ نزیكەی 300,000بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەفتەی یەكەمی تشرینی دووەمدا زیادی كردووە، ئەم زیادبوونەش بە رێژەی%60 ە لە چوار مانگی پێشوودا.
لە كۆتایی ئەمساڵدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەیدایە هەناردەكردن بۆ 400,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە زیاد بكات و هەروەها بۆ 500,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە لە كۆتایی چارەكی یەكەمی 2015 دا زیادی بكات.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو رێگەیە ماوەتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەرهەمهێنانی خۆی بە بڕی 1 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە كۆتایی 2015 و سەرەتای 2016دا.
بەناوی خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان مافە دەستووریەكانی خۆی بەكار دەهێنێت بۆ بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنان و بە بازاڕكردن و فرۆشتنی سەرچاوە سروشتیەكانی خۆی.
لە كانونی دووەمی 2104ەوە، نزیكەی 34.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردەكراوە و لەو بڕەش 21.5 ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی بەندەری جیهانەوە فرۆشراوە. ئەو بڕەی دەمێنێتەوە لە رێی تانكەرەوە بۆ مێرسین لە توركیا هەناردەكراوە.
كۆی بەهای ئەو نەوتەی هەناردەكراوە بە نەقد و بە شێوەیەكی عەینی 2.87 ملیار دۆلارە، كە لەو بڕە 2.1ملیار دۆلاری بە نەقدی وەرگیراوە و 775ملیۆن دۆلاری بە شێوەیەكی عەینی وەرگیراوە لەبری ئاڵوگۆڕی بەرهەمەكان (كە بریتیە لە 710,000تەنی مەتری لە بەرهەمەكانی نەوتی سپی و بەنزین و دیزڵ).
لە بڕە پارە نەقدەكە، نزیكەی 400ملیۆن دۆلار بەكارهێنراوە بۆ تێچوونی باركردن و دانی بەشێكی پاداشتی بەرهەمهێنەرەكانی نەوت. بەم پێیە پوختەی پارەی نەقدی بەدەستهاتوو لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەو ماوەیەدا بریتیە لە 1.7ملیار دۆلار. هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان 500ملیۆن دۆلاری تریشی پێشتر وەرگرتووە لەو كڕیارانەی كە لە داهاتوودا بڕەكانی نەوتی خاویان پێدەگات لەرێی بەندەری جیهانەوە.
هەموو ئەو داهاتانەی كە لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستهاتوون وەك بەشێك لە مافی دەستووری %17ی هەرێمی كوردستان لە داهاتی عێراق و وەك بەشێك لە مافی %17 ی هەرێم لە بڕە پاڵێوراوەكانی عێراق بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت. ئەم داهاتە تەنها بەشێكی بچووكی موستەحەقاتی ساڵانەی هەرێمی كوردستانە لە بودجەی 2014 ی عێراق كە لە كانونی دووەمی 2104ەوە لە لایەن حكومەتی فیدراڵەوە بڕاوە.
ئەم داهاتانە یارمەتیدەرن بۆ خۆڕاگرتنی هەرێم بەرامبەر ئەو كێشە گەورانەی رووبەڕووی خۆشگوزەرانی و سەقامگیریەكەی بونەتەوە كە بریتین لە جەنگ دژی تیرۆریستانی داعش و لێشاوی چاوەڕواننەكراوی ئاوارەكان و ئابڵوقە ئابووریە بەردەوامە سەپێنراوەكان لە لایەن بەغداوە.
ئەو پابەندبوونەی كە كۆمپانیا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكانی نەوت پیشانیان دا بەرامبەر كار و چالاكیەكانیان یارمەتیدەر بووە لە زیادكردنی بەرهەم بۆ ئاستە پێوانەییەكان. هەروەها دامەزراندن و بەردەوام پەرەپێدانی هێڵی بۆریەكانی هەناردەكردن رێگەی خۆشكردووە بۆ فرۆشتنی بڕێكی زیاتری نەوت لە بازاڕە جیهانیەكاندا.
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەزانێت كە، لە پێناو گەشەپێدانی بەردەوامی پیشەسازی نەوتی كوردستاندا، پێویستە كۆمپانیا بەڵێندەرەكان مافە داراییەكانیان بەدەست بهێنن پێ بە پێ لەگەڵ موستەحەقاتی ناو گرێبەستەكانیاندا. لە مانگی تشرینی دووەمدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی سەرەتایی 75 ملیۆن دۆلار دەدات بە بەرهەمهێنەران لەبری هەناردەكردن، لەگەڵ دانی بڕەكانی تر لە دواتردا لە سەر بنەمایەكی رێكخراو. لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمدا، بەرهەمهێنەران موستەحەقاتی تەوای خۆیان وەردەگرن بە پێی گرێبەستەكانیان.
لەم كاتە سەختانەدا كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی پشتگیری كۆمپانیا بەڵێندەرەكانی دەكات كە بەردەوام پشتی خەڵكی كوردستانیان گرتووە.