لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان ڕایدەگەیەنێت" دەنگەكانمان كەمیكردووە و ئەم دۆخە پێوست بە هەڵسەنگاندنی وردوو بەدواداچونی جددی دەكات".
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان، ئەمشەو دووشەممە لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە" سەرباری ئەوەی هەندێك زانیاریمان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەدەست گەیشتووە و سەرقاڵی لێكۆڵینەوەین لەبارەیانەوە، پاش تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكانمان هەڵوێستی خۆمان لەبارەی پرۆسەكەوە ڕادەگەیەنین".
دەشڵێت" سوپاسی تەواوی دەنگدەرانمان دەكەین كە متمانەیان بە كۆمەڵی دادگەریدا و پشتیوانییان لێ كرد، سوپاسی هەموو لیژنە و بازنە و تیم و میدیا و چاودێران و تەواوی ئەندامانمان دەكەین، سوپاسی تەواوی كاندیدەكانمان دەكەین كە ماندووبوون و هەوڵی زۆریاندا، بەڵام وەك دیارە دەنگەكانی كۆمەڵی دادگەری كورستان كەمی كردووە".
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان بەمشێوەیە:
پاش کۆتایهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی كوردستان، ئەنجامە بەدەستهاتووەكانی كۆمەڵی دادگەری لە ئاست چاوەڕوانیی ئێمە و هەڵوێست و هەوڵەكانماندا نەبووە.
ئێمە سوپاسی تەواوی دەنگدەرانمان دەكەین كە متمانەیان بە كۆمەڵی دادگەری دا و پشتیوانییان لێ كرد. سوپاسی هەموو لیژنە و بازنە و تیم و میدیا و چاودێران و تەواوی ئەندامانمان دەكەین، سوپاسی تەواوی كاندیدەكانمان دەكەین كە ماندووبوون و هەوڵی زۆریان دا. بەڵام وەك دیارە دەنگەكانی كۆمەڵی دادگەریی كورستان كەمی كردووە.
سەرباری ئەوەی هەندێك زانیاریمان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەدەست گەیشتووە و سەرقاڵی لێكۆڵینەوەین لەبارەیانەوە، پاش تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكانمان هەڵوێستی خۆمان لەبارەی پرۆسەكەوە ڕادەگەیەنین.
ئەم دۆخە پێویست بە هەڵسەنگاندنی ورد و بەدواداچوونی جددی دەكات، پشتیوان بە خوا بە پلان و ستراتیژ و بڕیاری پێویستەوە، لە ئایندەدا هیوا و ئومێد بۆ ئەندامان و دۆستان و دەنگدەرانمان دەگێڕینەوە.
گومانی تێدا نییە خەبات و پڕۆژەی كاری ئیسلامی هەڵكشان و داكشانی تێدایە و ئایندە پێویستی بە ورەی بەرز و چەسپاوی و بەردەوامی هەیە، هەر بۆیە داواتان لێ دەكەین پشوودرێژ و خۆڕاگر بن، پشتیوان بەخوا كاروانی كۆمەڵی دادگەری باشتر و درەوشاوەتر دەبێت.