بزوتنەوەی بابلیۆن: سەردەمی كۆنترۆڵكردنی دەنگی پێكهاتەكان كۆتایی هات

پاش ئەوەی ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاوکرایەوە، بزوتنەوەی بابلیۆن كە رەیان كلدانی سەرۆكایەتی دەكات، دەڵێت" سەردەمی كۆنترۆڵكردنی دەنگی پێكهاتەكان كۆتایی هات". 

بزوتنەوەی بابلیۆن، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە یەکەم بەشداریکردنمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرکەوتنێکی گرنگمان بەدەستهێناوە، هەرچەندە لە پارێزگای دهۆک و هەولێر دەرەنجامەکان لە بەرژەوەندی ئێمە نییە، بەڵام لە هەردوو ئەو پارێزگایە بە هەزاران دەنگمان هێناوە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" رێگریكردن لە بەكارهێنانی دەنگدان بەناوی وەهمییەوە بووە مایەی ئەوەی كە پارتی (١٧) كورسی لە دەست بدات، ئەوەش وادەكات نەتوانێت تاكڕەوانە دەسەڵات بسەپێنێت و رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی راستەقینە لە هەرێم بەهێز بكات". 

دەشڵێت" نوێنەرەکەمان لە پەرلەمانی کوردستان پاشکۆی کەس نابێت و خاوەنی بڕیاری خۆمان دەبین". 

بزوتنەوەی بابلیۆن ڕاشیگەیاندووە" سەردەمی كۆنترۆڵكردنی دەنگی پێكهاتەكان و بەكارهێنانی كۆتا، كۆتایی هات". 


PM:12:32:22/10/2024