بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت " تێبینی لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیە".
بزووتنەوەی گۆڕان لە بارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دەنگەکانی گۆڕانەوە، ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٣ ی تشرینی یەکەم راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" داواکارین کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ڕەواندنەوەی گومانەکان و دڵنیابونەوە و بەراوردکردنی دەرئەنجامەکان؛ ئەنجامەکان بە ئەلیکترۆنی ڕادەستی لایەنەكان بکات ".
دەقی راگەیاندنەکە..
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی دەنگدەرانی دەکات.
لەبارەی ئەنجامی ڕاگەیەندراویش، لەلایەك لە ئاست چاوەڕوانیمان نەبوە، لەلایەکی دیکەش سەرنج و تێبینیمان لەسەر ئەو دەرئەنجامانە هەیە، بە جۆرێک ڕێژەی دەنگی پوچەڵکراو لە ئاستێکی بەرزدایە، کە گومان لەسەر پرۆسەکە دروست دەکات، بەتایبەت کە ڕێگەنەدراوە لە بنکەکانی دەنگدان بریکارەکانمان ڕوی پێشەوەی پەڕاوی پوچەڵی دەنگدان ببینن و تەنیا مۆری پوچەڵبونی پشتی پەڕاوی دەنگدانەکە نیشاندراوە.
هەربۆیە، داواکارین کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ڕەواندنەوەی گومانەکان و دڵنیابونەوە و بەراوردکردنی دەرئەنجامەکان؛ ئەنجامەکان بە ئەلیکترۆنی ڕادەستی لایەنەكان بکات. لەکۆتایدا، چاوەڕوانی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتاین؛ بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر دەرئەنجامەکان بدەین.