"هەر مووچەخۆرێک کۆدی بایۆمەتری نەبێت مووچەکەی ڕادەگیرێت"

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ڕایدەگەیەنێت" هەر مووچەخۆرێکی حکومەت تا بەرواری (٢٠٢٤/١١/٢٠) کۆدی بایۆمەتری نەبێت مووچەکەی رادەگیرێت". 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لەسەر بنەمای ئەو ڕێکكەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لە نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەسەر بابەتی چارەسەرکردنی کێشە هونەریەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە پێویستە هەموو ئەو مووچەخۆر و فەرمانبەر و خانەنشین و خاوەن پێداویستی تایبەت و وارسی شەهیدانەی تا ئێستا (upn) یان نییە و خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار نەکردووە پێویستە تا ( ٢٠٢٤/١١/٢٠ ) خۆیان تۆمار بکەن". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری خۆتۆمارکردن لە سیستەمی بایۆمەتی هەموو ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەگرێتەوە کە بەهۆکاری جیاواز لە دەرەوەی وڵاتن یان مۆڵەتی بێ مووچە و خوێندن و هتد.

دارایی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، هەر کەسێک مووچەخۆری حکومەتی هەرێم بێت و تا بەرواری ( ٢٠٢٤/١١/٢٠ ) کۆدی بایۆمەتری نەبێت، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە مووچەکەی ڕادەگیرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت. 



PM:02:23:27/10/2024