کۆبانێ: وەڵامی بەهێزمان بۆ هێرشەکانی تورکیا دەبێت

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت" ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، وەڵامی بەهێزمان دەبێت"، دەشڵێت" ئامانجی هێرشەکانی تورکیا نەهێشتنی خۆبەڕێوەبردن و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکانمانە". 

مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند" ماوەی چوار ڕۆژە تورکیا بەشێوەیەکی دڕندانە هێرشدەکاتە سەر هەرێمەکەمان". 

دەشڵێت" هێرشەکانی تورکیا دامەزراوەکان و خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج، سوپای تورکیا ماوەی پێنج ساڵە بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ئاوارەکردنی گەل، ئەم هێرشانە دەکات". 

کۆبانێ ڕاشیگەیاند" لەگەڵ دیالۆگین، بەڵام هێرشەکانی تورکیا بەردەوام بن وەڵامی بەهێزی هێرشەکان دەدەینەوە". 

سەبارەت بە هێرشەکەی ئەم دواییەی ئەنقەرە، مەزڵوم عەبدی وتی" تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات چالاکوانەکان لە سوریاوە دەربازی تورکیا بوون، نە هێزەکانمان پەیوەندییان بەم چالاکییەوە هەیە، نە چالاکوانێک لە خاکی سوریاوە دەرباز بووە".



PM:05:10:27/10/2024