ڕێباز حەملان: هەموو کوردستان بە ئۆپۆزیسیۆن بدرێت خۆشیان نازانن چییان دەوێت

یاردەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت"ئۆپۆزیسیۆن بەرگەی ئەو واقیعەی ئێستا ناگرێت بۆیە هەڵوێستەکانی بەم ئاراستەیەن" ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات" خەڵک بڕوای بە قسەی ئۆپۆزیسیۆن نەماوە".

ڕێباز حەملان، یاردەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی تشرینی یەکەم لە دیمانەیەکدا لەگەڵ میدیایەکی پارتی ڕاگەیاند"ئۆپۆزیسیۆن بەرگەی ئەو واقیعەی ئێستا ناگرێت بۆیە هەڵوێستەکانی بەم ئاراستەیەن".

وتیشی" حکوومەت، پەرلەمان و هەموو کوردستان بە ئۆپۆزیسیۆن بدرێت خۆشیان نازانن چییان دەوێت. جەختیشی لەوەکرد، خەڵک بڕوای بە قسەی ئۆپۆزیسیۆن نەماوە".

ڕێباز حەملان دەربارەی دەنگۆی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان وتی" ئەو لایەنانەی ئێستا دەڵێن، ساختەکاری کراوە، هەر ئەو لایەنانە بوون داوای رادەستکردنی مووچە و نەوتیان دەکرد".

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا رێباز حەملان یەکێتی تۆمەتبار کرد بە ڕادەستنەکردنەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان، بزووتنەوەی گۆڕانیشی بە پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی حکوومەت تۆمەتبار کرد.

دەربارەی پارتییەوە وتی" پارتی دەیەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان بەهێزبێت، بۆیە دەیەوێت حکوومەتێکی سەرتاسەریی پێکبهێنێت".

ڕێباز حەملان دەربارەی مەرجەکانی پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو ڕایگەیاند" دەرگای پارتی بۆ هەموو لایەک کراوەیە و ڤیتۆی بەسەر هیچ لایەنێکەوە نییە، کۆمەڵێک خاڵی سەرەکی هەن وەک پاراستنی بەهێزی هەرێمی کوردستان و دەبێت لایەنەکان گوێڕایەڵی ئەم خاڵانە بکەن".




AM:12:09:28/10/2024