ڕێککاری یاسایی و کارگێڕیی بەرامبەر ئەو کەسە دەگیرێتەبەر کە ڕێگری دەکا لە هەژماری من

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی ڕێگریکردن لە پرۆژەی هەژماری من هۆشداری دەدات و داوا دەکرێت هەر کەسێک ڕێگری لێبکات، یان هەر فەرمانبەرێک کەمتەرخەمی بکات و بەربەست دروست بکات، سزا بدرێت و ڕێککاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر.

بەپێی نوسراوەکە کە ئاراستەی وەزارەتی داد/ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی ناوخۆ کراوە، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران داوای کردووە ڕێککاری یاسایی و کارگێڕیی پێویست بگرنەبەر بەرامبەر ئەو بانک و ئەفسەر و پۆلیسانەی ڕێگری دەکەن لە کارمەندانی هەژماری من، هەروەها داوای لە داواکاری گشتی کردووە داواکاریی سزادانیان بەرامبەر بجووڵێنێت.

هاوکات بەپێی نووسراوێکی تر کە ئەمڕۆ ٢٨ مانگ واژۆی لەسەر کردووە، د. ئومێد سەباح داوا دەکات کاری پێویست بکەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من و ڕێگریکردن لە هەر سەرپێچییەک و گرتنەبەری ڕێککاری یاسایی و کارگێڕی پێویست و لێپرسینەوە لە فەرمانبەرانی کەمتەرخەم و سەرپێچیکار کە بەربەست دروست دەکەن.

سەرەتا وەزارەتی دارایی عێراق كاركردن بە پرۆژەی (هەژماری من)ـی ڕەت كردەوە، بەڵام دوای هەوڵەكانی مەسروور بارزانی و شاندەكانی حكومەتی هەرێم، ئەگەرچی بەغدا بە فەرمی دانی بە هەژماری مندا نەناوە، بەڵام پرۆژەی هەژماری من بەردەوامەو بانکی تی بی ئای چووەتەناو پڕۆژەکەوە، ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە تا کۆتایی ساڵ سەرجەم مووچەخۆران بە ئەلیکترۆنی مووچە وەربگرن.

چەند ڕۆژێکە لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کار بە پڕۆژەی هەژماری من ناکرێت و ڕاگیراوە، ئەوەش وایکردووە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە ئاڵۆزی و ناڕوونی ماوەتەوە، مووچەخۆران بەشێكیان بەشدارییان لە هەژماری مندا كردووە و بەشەكەی دیكەی چاوەڕێی تەوتینكردنن لە بانكە فیدراڵییەكان، بەڵام هێشتا هیچ ڕێكارێك تەوتین نەگیراوەتە بەر.




PM:05:58:28/10/2024