مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ( ماوە بەسەرچوو) لەبارەی ئەجامی هەڵبژاردنەوە دەڵێت " هیوادارم هەموو لایەنێک بتوانن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن قبووڵ بکەن، هەرچەندە تێبینیش هەبووبێت".
مەسرور بارزانی ئەمرۆ سێ شەممە لە دیداری مێری لە تەوەرێکدا لە بارەی هەڵبژاردنەوە، رایگەیاند" هەڵبژاردنێکی گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی شەرعیەت بۆ هەموو دامەزراوەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان. دەبووایە پێش دوو ساڵ ئەم هەڵبژاردنە بکرێت، لە ساڵی ٢٠٢٢، بەڵام لەبەر هۆکاری دیار و پێداگریی هەندێک لایەن هەڵبژاردن دواخرا، تاوەکو گەیشتە ئەو حاڵەتەی داوای گۆڕانکاریی یاسای هەڵبژاردن کرا".
هەروەها وتیشی" داوای نەهێشتنی پێکهاتەکانی کۆتاکان کرا و داوای ئەوە کرا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە بەغدا سەرپەرشتی ئەم هەڵبژاردنە بکات.
مەسرور بارزانی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە وتی" هیوادارم هەموو لایەنێک بتوانن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن قبووڵ بکەن، هەرچەندە تێبینیش هەبووبێت".
" راستی جیاوازە لەگەڵ پێشبینی؛ زۆر لایەن هەبووە پێش هەڵبژاردن بەجۆرێکی دیکە بیری کردووەتەوە یان پێشبینیی جۆرە ئەنجامێکی کردووە، دوای ئەوەی کە ئەنجامەکان بەجۆرێکی تر دەرچوون، ئێستا هەڵوێستی جیاوازیان وەرگرتووە". ( مەسرور بارزانی وا دەڵێت).
سەرۆک وەزیران باسی لەوەش کرد، "هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی بەشداربوون لە پرۆسەکە وایان کرد، هەڵبژاردن سەرکەوێت، هەروەها لایەنگرانی لایەنەکانیش بەبشداریکردنیان وایان کرد کوردستان لەو پرۆسە سیاسیە سەرکەوتووبێت و یەکەم بێت، گوتیشی: زۆر لایەن هەبووە پێش هەڵبژاردن پێشبینی ئەنجامێکی کردووە، بەڵام دوای هەڵبژاردن کە ئەنجامەکان بەشێوەیەک دەرچووە ئێستە هەڵوێستی دیکەیان وەرگرتووە".
مەسرور بارزانی گوتی: پێویستە ئیدی خەڵکی کوردستان پێویستە لەمە تێبگات ڕاستییەک هەیە، دەبێت ئەو ڕاستییە قەبوڵ بکرێت، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ڕای ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بووە کە خەڵکی کوردستان متمانەی بەکێ کردووە، هاوکات ئەو هەوڵە چەواشەکارییانە کە زۆر شت بە شێوەیەکی دیکە وێنا دەکرا، ئێستا بۆ خەڵک بەدەرکەوتووە ئەو قسانە ئەسڵ و ئەساسی بۆ نەبووە و پێگەی نەبووە، خەڵکی بەڕای خۆیان بەدەریان خست و ئاشکرایان کرد لکە چ جۆرە داهاتووێک و چ پاشەڕۆژێکیان دەوێت، هەر لەم ڕوانگەوەش پارتی وەکو حزبی براوەی ئەم هەڵبژاردنە ڕاستگۆ دەبێت لەگەڵ پەیامەکانی خۆی کە پەیامی ئاوەدانی بووە، پەیامی ئاشتی بووە، پەیامی پێکەوە ژیان بووە، پەیامی ئارامی بووە، پەیامی خۆڕاگریی بووە، ئەم پەیامانە هەڵقوڵاوی ناخی پارتین، ئەوە ئەم ڕێبازەیە کە پارتی لەسەری پەروەردە کراوە، پارتی لەسەری کاری کردووە، لەمەودواش لەگەڵ هەر کەسێکی دیکە کە بیەوێت بەشدار بێت لە حکوومەت، هەوڵ دەدات وەڵامدەرەوەی ویست و خواستی خەڵک بێت کە ئەوان دەیانەوێت وڵاتێکی ئارامیان هەبێت، وڵاتێکی گەشەسەندوویان هەبێت، وڵاتێکیان هەبێت ڕۆژ دوای ڕۆژ هەنگاو بنێت، گوتی: ئێمە دەتوانین ئەوەتان پێ بڵێین کە پارتی و ئێمە ڕاستگۆ دەبین لەگەڵ بەڵێنەکانمان و ڕاستگۆ دەبین لەگەڵ خەڵکی کوردستان.
وتیشی " لە چەند ساڵی ڕابردووی کابینەی نۆیەم، پارتی لەگەڵ ئەو بەرنامە هاوبەشەی لە حکوومەتدا هەبووە، بەردەوام بووە لە دروستکردنی نیشتمانسازیی، ئێمە هەستمان بەوە کردووە خەڵک پێویستی بە چ هەیە، بەتایبەتی لەبواری خزمەتگوزاریی هەنگاوی زۆر باش نراوە، لە ڕووی دروستکردنی ژێرخانی ئابووری کاری زۆر باش کراوە، لەڕووی دروستکردنی ستراتیژیەتێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لەسەر ئاستی تەواوی کوردستان کاری زۆر باش کراوە، ئەوەش بە مانای ئەوە نییە هیچ ئاستەنگ نەبووبێت، ڕێگریی هەبووە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکوومەت لە ساڵەکانی ڕابردوو، بۆیە باسی ساڵانی ڕابردوو دەکەم، چونکە ساڵانی ڕابردوو هەندێک شت دروستکران پێویستیان بە تەواو کردن هەبوو، بە نموونە باسی بە دیجیتاڵکردنی کارە خزمەتگوزارییەکان دەکەم کە یەک لە پرۆژە زۆر گرنگەکان بووە، دەڵێت: زۆر جار بڕیار لەسەر زۆرێک لە کایەکانی حکوومڕانی دەدرا، بێ ئەوەی داتا و زانیاریی دروست لەبەردەستدا بێت".
مەسرور بارزانی وتی: ئێمە ساڵانی ڕابردوو هەوڵی جدیمان دا کە داتا سەنتەرێکی زۆر پێشکەوتوو لەسەر ئاستی جیهانی لە هەرێمی کوردستان دروست بکەین و سوپاس بۆ خوا دروستمان کرد، ئێستا داتایەکی زۆر باش و ورد لەبەردەستە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت، دواتر هەوڵێکی جدی درا بۆ ئەوەی کارە خزمەتگوزارییەکان لە تەندروستی بێت یاخود ڕاپەڕاندنی کاروباری رۆژانە بێت لەهەر وەزارەتێک بێت، هەموو ئەو کارانە ئەنجام دراون، لەڕووی ئابوورییەوە کەسێک بێت و بیەوێت، کۆمپانیایەکی هەبێت و بیەوێت تۆماری بکات، ئێستە ڕێکارەکان وا ئاسان کراوە بە چەند کاتژمێرێک دەتوانێت کارەکانی ڕاپەڕێنێت کە پێشتر ماوەیەکی زۆر درێژتری دەویست.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" لە ڕووی ئابووریشەوە، ئێمە بڕیاری هەمەچەشنکردنی ئابووری و هەمجۆرکردنی ئابووریمان دا و هەنگاوی زۆر باشمان هاوێشت و گەیشتینە ئاستێک بووژانەوەی ئابووری لە 1.8 لە سەد ببێتە 8 لە سەد، بە مانای هێندە زیادی کرد لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، هاوکات بازاڕی عێراق دەرەوەمان بۆ جووتیارانی کوردستان و ساغ کردنەوەی بەرهەم و بەرووبوومەکانیان کردەوە".