کەشناسی: لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەمەوە لە سەرتاسەری ھەرێم بارانی بەخوڕ دەستپێدەکات

بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەمە  ٣ی تشرینی دووەمەوە لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بارانی بەخوڕ و مامناوەند دەستپێدەکات".

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئەمشۆ لە ماڵپەری تایبەتی خۆی لە فەیس بووک بڵاویکردەوە" لە ئێستادا ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و بەگشتی عێراق لە ژێر کاریگەری لاوازی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سووردان کە ناوبەناو لەھەندێ شوێن ھەورە بروسکە و بارانێکی کەم بۆ تاوە بارانی کورت خایان چر ئەبێتەوە و بەگشتی لەم قۆناخەدا ھەرەمەکی ھەندێ شوێن باران ئەبارێ و رێژەکەشی زۆر نابێت تا درەنگانی شەوی شەمە لەسەر یەکشەمە حاڵەتەکە بەم شێوەیە ئەمێنێتەوە".

دەبارەی وادەی دەستپێکردنی شەپۆلی چڕی بارانبارین ئاراس جەبار دەڵێت"لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەمەوە ٣ی تشرینی یەکەم کاریگەری ھەردوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و ناوەراست لەسەر ناوچەکانمان چردەبێتەوە و لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بارانی بەخوڕ و مامناوەند دەستپێدەکات کە ھەندێ کاتیش تەرزەی بەخوڕ ئەبارێت و ھەورە بروسکەی بەھێز چالاک ئەبێت لەگەڵ چالاکبوونی بای باشور بەخێرای ٢٠-٤٠کم لە کاتژمێرێکدا و پلەکانی گەرماش ٥ تا ٦پلە نزمدەبنەوە.

ئاراس جەبار دەشڵێت" لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەمە  کاریگەری شەپۆلەکە کەمدەبێتەوە و تەنھا لەھەندێ شوێندا تاوە بارانی کورت خایان ناوبەناو رۆژانی دووشەم و سێشەم چالاک ئەبێتەوە و ئێوارەی سێشەم کۆتایی پێدێت".

رێژەی بارانی پێشبینیکراوی بەگوێرەی ناوچەکان بۆ رۆژانی یەکشەمە و دووشەمە 

پارێزگای سلێمانی ٥٠ - ٧٥ ملم و زۆرترین رێژەی باران لەناوچە شاخاویەکانی باکوری پارێزگاکە ئەبێت 
پارێزگای ھەولێر ٣٠ - ١٠٠ ملم زۆرترین رێژەی باران لەناوچەکانی باکوری پارێزگاکە و ناوچە شاخاویەکانی باکوری رۆژھەڵات ئەبێت لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی لافاو .
پارێزگای دھۆک ٤٠ - ٧٠ ملم زۆرترین باران لە سەنتەری پارێزگاکە و ئیدارەی زاخۆ ئەبێت 
پارێزگای کەرکوک ٣٠ - ٥٠ ملم زۆرترین رێژەی باران لە رۆژھەڵاتی پارێزگاکە ئەبێت 
پارێزگای ھەڵەبجە ٤٠ - ٦٠ ملم 
ئیدارەی راپەرین ٥٠ - ٨٠ ملم ئەگەری دروستبوونی لافاو لەھەندێ شوێندا ئەبێت .
ئیدارەی گەرمیان ٢٠ - ٤٠ ملم زۆرترین باران لەناوچەکانی باکور ئەبارێت .




AM:12:13:01/11/2024