نوسەر و توێژەرێکی خەڵکی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرنوسەری گۆڤاری نێودەوڵەتی توێژینەوەی مانگانەی گەلان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە کەرەج دەستگیرکرا.
بەپێی هەواڵیکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی ئەمنییەکانی ئێران لە شاری کەرەج هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەژدەر پیری تەمەن ٣٦ ساڵ، لێکۆڵەر و سەرنووسەری توێژینەوەی مانگانەی نێودەوڵەتی گەلان و ناوبراویان دەسگیرکرد.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەژدەر پیری کە بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە" هێزە ئەمنییەکان سەرەڕای دەستگیرکردنی ئەژدەر پیری ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک مۆبایل و لاپتۆپدا گرتووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، ئەژدەر پیری تەنیا یەک پەیوەندی تەلەفۆنی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە و لەم دواییانەشدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژی دیکە درێژکراوەتەوە.
تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی دەستگیرکردن و هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی پاڵدراوی ئەم چالاکە کوردە لەبەردەستدا نییە و بنەماڵەکەشی تا ئێستا نەیانتوانیوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵی ببێت.