ئاژانسی مێزۆپۆتامیا کە میدیایەکی باکوری کوردستانە، ئاشکرای دەکات کە 'سزای دیسپلین'ی نوێ بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ عەبدوڵا ئوچ ئالان سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە بڕاوەتەوە.
ئەو ئاژانسە ئاماژە بەوە دەکات کە پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە بەمەبەستی ئەنجامدانی دیداری بنەماڵە سەردانی دادگای جێبەجێکردنی سزاکانی بورسایان کردووە، دادوەر رایگەیاندووە، کە لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا "سزایەکی دیسپلینی نوێ" بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە بڕاوەتەوە.
دەربارەی ئەو سزا نوێیە میزپۆتۆمیا هیچ زانیارییەکی تری رانەگەیاندووە، هەرچی پارێزەرانی ناوبراوە بڕیارە تانە لەسەپاندنی ئەو سزایە بدەن.
لە ٢٣ی تشرینی یەکەمەدا پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان دوای ٤٣ مانگ دیداری لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئەنجامدابوو. دوای دیدارەکە ٢ جار بە مەبەستی دیداری نوێی بنەماڵە و پارێزەران لەگەڵ ئوچ ئالان داواکاری پێشکەش کرابوو، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدرابووەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێستا پرسی ئاشتی لەگەڵ کورد بۆتە رۆژەڤ و وتەی سەرزمانی سەرکردەکانی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار، ئەردۆغان و باخچلییە.