وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" لێژنە تایبەتمەندەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ڕاسپێردران کە رێکاری یاسایی بەرانبەر هەر فرۆشگایەک بگرنە بەر کە سیمکارت تۆمار نەکراو دەفرۆشن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ـی تشرینی دووەم، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو نێوان وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و حەوت کۆمپانیای مۆبایل و ئینتەرنێت، بەمەبەستی خێراکردنی رێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی فرۆشتنی سیمکارت لە دەرەوەی رێوشوێنی یاسایی تۆمارکردن، لێژنە تایبەتمەندەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردران کە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر فرۆشگایەک بگرنە بەر کە سیمکارت دەفرۆشن بێ پرۆسەی تۆمارکردنی یاسایی.
وەزارەتی ناوخۆ جەخت دەکاتەوە بەهۆی سەرپێچی بڕیارەکان سزای ژمارەیەک فرۆشگا درا و داخران و بەدواداچوونی ڕۆژانەش بەردەوامە.
وەزارەتەکە ئاگاداری هاووڵاتییان، فرۆشگا، بریکاری کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت دەکاتەوە، کە فرۆشتنی سیمکارت لە بازاڕ بێ تۆمارکردن، دەرگاکردنەوە و دەرفەت دروستکردنە بۆ تاوانکاران تا بەو سیمکارتانە تاوان ئەنجام بدەن و هەوڵ بدەن خۆیان لە یاسا بشارنەوە.
وەزارەتی ناوخۆ هۆشداریش دەدات، کە ڕێوشوێنی یاسایی توند لەبەرانبەر هەر کەس و فرۆشگا و بریکارێک دەگیرێتە بەر کە سیمکارت لە بازاڕ بفرۆشێ و تۆماریان نەکات بە ناوی کڕیار.
وەزارەتەکە ئاشکرای دەکات، بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە ماددەی شەش لە رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٨) ی ساڵی ٢٠٢١ـی هەموارکراو، سەرپێچیکار بەرانبەر هەر سیمکارتێکی دەست بەسەرداگیراو دابڕی سێ ملیۆن دیندار سزا دەدرێت.
ناوخۆ جەخت لەوەش دەکاتەوە، تا پرۆسەی تۆمارکردن تەواو دەبێت، پێویستە بریکارەکان سیمکارت بە گوێرەی سیستمی تۆمارکردن بفرۆشن، بە پێچەوانەوە فرۆشگاکانیان دادەخرێت