"ئەو ساختەکاری و دیزاینەی بۆ هەڵبژاردن کراوە گوزارشتە لە ترسی حزبەکانی دەسەڵات"

ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە شاری هەولێر سەردانی سەرۆکی بەرەی گەلی کرد و سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەڵێن" ئەو ساختەکاری و دیزاینەی بۆ هەڵبژاردنەکان کراوە گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانی و ترسی حزبەکانی دەسەڵات". 

لاهور جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ لە بارەگای بەرەی گەل لە شاری هەولێر، لەگەڵ هەریەک لە د. سۆران جەمال تاهیر و شادمان مەلا حەسەن، پێشوازیمانکرد لە عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و شاندی یاوەری". 

سەرۆکی بەرەی گەل دەشڵێت" لە دیدارێکدا، پێکەوە بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەر و ئەو ساختەکارییە بەرفراوانەی ئەنجامدراوە و تەئکیدمان لە هەماهەنگی نێوان کۆمەڵی دادگەری و بەرەی گەل کردەوە". 

لاهور جەنگی ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە تانەی لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەبەرچاو بگیرێت. 

هەروەها" جەختمان کردەوە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە تێپەڕبوونی هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی ئۆکتۆبەر بەو هەموو ساختەکارییەوە پرسیاری جدی لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و شەرعییەت و مەشروعییەتی پرۆسەی سیاسی دروست دەکات و متمانەی خەڵک بە دامەزراوە نیشتیمانییەکان هێندەی تر لاواز دەکات". (سەرۆکی بەرەی گەل وای وتووە)

لاهور جەنگی ڕاشیگەیاندووە" لەو دیدارەدا لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری، جارێکی تر ئەو راستییەمان دوپاتکردەوە کە ئەو ساختەکاری و دیزاینەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی ئۆکتۆبەر کراوە گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانی و ترسی حزبەکانی دەسەڵات لە سەنگی راستەقینەی خۆیان، هەر بۆیە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا و هەر جارە و بە مۆدێل و رێکارێک پەنا بۆ ساختەکردنی ئیرادەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبەن". 



PM:02:00:04/11/2024