وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە تا ئێستا گفتوگۆی فەرمی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم دەستپێنەکردووە و بەم نزیکانە حزبەکەی بۆ ئەو مەبەستە سەردانی لایەنەکان دەکات.
سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند "فەرمانی سەرۆکی هەرێم دەرچووە بۆ راسپاردنی لایەنی براوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم".
باسی لەوەشکرد" ئەوەی پەیوەندی بە یەکێتییەوە هەیە شاندی خۆی هەیە و لە کەناڵەکانی خۆیەوە پەیوەندی بە لایەنەکانەوە کردووە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لە بارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، بەڵام وەک گفتوگۆی فەرمی هێشتا لای یەکێتیەوە دەستیپێنەکردووە و بەم نزیکانە دەست پێدەکات".
باسی لەوەشکرد، دابەشکردنی پۆستە حکومییەکان لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەبێت نەک لەڕێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە، ئەو قسانەی لە میدیادا دەکرێت کە فڵان بۆست بۆ فڵان لایەنە زیادە و بێ واتان و تەنها بۆ تێکدانن.