"پێویستە تەوتینی مووچە جێبەجێبکرێت"

ئەنجوومەنی سەربەخۆی کارەبا لە پەیامێکی هۆشدارییدا ڕایدەگەیەنن" پێویستە تەوتینی مووچەکانمان بکرێت لە دەرەوەی هەژماری من". دەشڵێن" هاوشێوەی فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵ ڕێکخستن بۆ دەرماڵەکانمان بکرێت". 

ئەنجوومەنی سەربەخۆی کارەبا، ئەمڕۆ شەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند" بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەندی پابەندکراون بە دابینکردن و پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام هەشت مانگ بەسەر بڕیارەکەدا تێپەڕیووە، نەک هەر مووچەکانمان تەوتین نەکراوە، بەڵکو هیچ مانگێک حکومەتی هەرێم لیستی ناوی مووچەخۆرانی بە پاکی و لە کاتی خۆیدا ڕەوانەی بەغداد ناکات و ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچەکانمان، بۆیە داواکارین تەوتینی مووچە جێبەجێبکرێت". 

ئاماژە بەوەشدەکەن، هەفتەیەک بەسەر مانگی (١١)ی ئەمساڵدا تێپەڕیووە، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی (١٠)یان دابەشنەکراوە، هەر بۆیە داواکارن مووچەی مانگی تشرینی یەکەم دابەشبکرێت و هەموو مانگێکیش لە وادەی خۆیدا مووچەکانیان بێ دواکەوتن دابەشبکرێت. 

هەروەها داواکارن هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەکانیان بە نیشتیمانی (تەوتین) بکرێت لە دەرەوەی (هەژماری من) و ڕێکخستن بۆ دەرماڵەکانیشیان بکرێت لەگەڵ مووچەخۆرانی عێراق.

هاوکات داواش دەکەن کە دەست بە پلە بەرزکردنەوەیان بکرێت کە ماوەی چەندین ساڵە ڕاگیراوە، لە کاتێکدا پلە بەرزکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان ڕانەگیراوە. 

ئەنجوومەنەکە هۆشداریش دەدەن لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانیان، ئەوا هەنگاوی دیکە دەنێنن و ناڕەزایەتی مەدەنی ئەنجام دەدەن. 

لەم لینکەوە ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ببینە



PM:05:55:09/11/2024