ئەمڕۆ یەکشەممە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران کە تێیدا هەرێمیش بەشدارە و تاوتوێی چەند پرسێک دەکەن.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، ئەمڕۆ ١٠ی تشرینی دووەم لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای ئەمنی گەیشتە تاران".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەردانەکەی ئەعەرەجی لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران دێت، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.
هەر لەو سەردانەدا هەریەک لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم و هیوا ئەحمەد بەرپرسی دەزگای ئاسایشی هەرێم سەردانی تارانیان كردووە و بەشداری كۆبوونەوەكانی نێوان هەردوو وڵات دەكەن.