وەزیری نەوت: داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخرێتە هەژمارێکی تایبەتەوە و دەبێتە بەشێک لە داهاتی فیدراڵی

وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرسی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەت و هەرێمی کوردستان لە بواری نەوت و گەیاندنی بەرهەمهێنان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت كۆبوونەوە، وەزیری نەوت دەڵێت" داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخرێتە هەژمارێکی تایبەتەوە و دەبێتە بەشێک لە داهاتی فیدراڵی".

وەزارتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ چوار شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق پێشوازی لە عتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامانی لیژنەكە كرد بۆ تاوتوێکردنی پرسی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەت و هەرێمی کوردستان لە بواری نەوت و بەرهەمهێنان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

ڕاشیگەیاندووە، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی گفتوگۆیە لە پرسە هاوبەشەکانی پەیوەست بە وەزارەتی نەوت و لیژنەی دارایی، بەتایبەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە، هەروەها بەپێی بڕیاری حکومەت لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا لیژنەیەك لە هەردوو وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پێكدەهێندرێت و بڕی نەوتی خاوی هەرێم لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوتەوە وەردەگیرێت و داهاتەکانی بۆ بودجەی فیدڕاڵی دەڕوات.

وەزیری نەوت وتیشی" کۆمپانیای سۆمۆ لایەنی رێگەپێدراوە بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخرێتە هەژمارێکی تایبەتەوە و دەبێتە بەشێک لە داهاتی فیدڕاڵی".

ئاشكراشی كرد، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە داهاتەکەی بەشێوەی پێشینە دەدرێت.

لای خۆیەوە، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم تاوتوێ دەکەن بە ئامانجی رێكخستنەوەی گرێبەستەكانی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم و هەردو لایەنەوە خواستیان هەیە بۆ رێكخستنەوەی ئەم گرێبەستانە.



PM:07:36:13/11/2024