سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاشکرایکرد سودانی بەڵێنیدا لە داهاتوویەکی نزیکدا کێشەی مووچە چارەسەر بکات. وتیشی، "پێویستە گۆڕانکاری لە حکومڕانی هەرێمدا بکرێت".
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە و تاوتوێی چەند پرسێکی جیاوازیان لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە کردووە.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند" سودانی پێی وتوون لە داهاتوویەکی نزیکدا کێشەی مووچە و هەناردەی نەوتی هەرێمیش چارەسەر دەکرێت".
باسی لەوەش کرد، لەگەڵ سودانی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمیان تاوتوێ کردووە، سودانی باسی لەوەکرد کە گرنگە شەرعیەت بۆ هەرێم بگەڕێتەوە.
ئەوەشی خستە روو، پڕۆژەیەکیان هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت و تا ئێستا لایەنەکان رەتیان نەکردووەتەوە. و تیشی "با پارتی و یەکێتی خۆیان حکومەت پێکبهێنن گەر بۆیان دەکرێت".
ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەسەرەتا سەردانی هەولێری کرد و دواتر سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ بەرپرسان کۆبووەوە.