ئەپیکۆر: ئامادەین بۆ بەشداریكردن لە گفتوگۆی بەغداد و هەرێم

كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان ئامادەیی نیشاندا بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.

كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە بە ئەپیكۆر ناسراوە، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" پێشوازی لە پێشنیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکەین بۆ هەمواركردنەوەی مادەی ١٢ی یاسای بودجە كە تایبەتە بە دیاریكردنی نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، دەكرێت بوارێكی تەواو لەئێستادا هەبێت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی پێشوویان كە پەیوەندییان بە مەرجە بازرگانییەكان و گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەكردنی ڕابردوو و داهاتووی نەوتی كوردستانەوە هەیە لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق _ توركیاوە". 

هەروەها ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان، بۆ رونكردنەوەی وردەكارییە سەرەكییەكان و دانانی رێوشوێنەكانی كۆتایی رێككەوتنێكی نوسراو پێش دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێی هێڵی بۆرییەكانی عێراقەوە.

ئەپیکۆر ئەوەشی خستەڕوو، هاوڕایە لەگەڵ پێشنیازەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق و هەرێم بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت كە سودی بۆ هەموو خەڵكی عیراق هەیە.



PM:02:30:14/11/2024