"لە هەوڵداین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزەی نوێبوەوە"

بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" لە هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزە نوێبوەوەکان و  لە نزیکترین کاتدا لە ڕێگەی وزە نوێکانەوە هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن".

ڕەوا محەمەد پێنجوێنی، بەڕێوەبەری وزە نوێبوەکان لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لەكۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ گۆڕانی ئاوهەوا لە ئازەربایجان ڕایگەیاند" لە هەرێمی کوردستان هەوڵی کارکردن بە وزەی نوێ دەدەن و چەند ڕێکارێکیان بۆ سودوەرگرتن لە وزەی خۆر گرتوەتەبەر".

وتیشی: سێ گرێبەست بۆ بەکارهێنانی وزەی خۆر، بە توانای بەرهەمهێنانی ٣٥٠ مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان کراون، بەجۆرێک لە پلانی کورتخایەندا دەتوانرێت هەزار مێگاوات کارەبا بە وزە نوێبوەکانی وەک خۆر و ئاو و با زیاد بکرێت، هەروەها لە پلانی درێژخایەندا، دەتوانرێت سێ هەزار مێگاوات کارەبا زیاد بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، زیاتر لە ٣٠ ساڵە حکومەتی هەرێم هەوڵ بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی دەدات، بەڵام تا ئێستا نەی کردوە.




PM:01:05:16/11/2024