دوای ئەوەی لە ژمارەیەك پارێزگا بەهۆی سەرژمێری گشتی سبەینێ پشووی فەرمی راگەینرا هاوكات لەگەڵ پشووی دوو ڕۆژی قەدەغەی هاتووچۆ، سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی عێراق وتی" هیچ بڕیار و ڕێنماییەك نییە سبەینێ لە سەرتاسەری عێراق بكرێتە پشوو".
میدیا عێراقییەكان لە زاری سەرچاوەیەكی باڵا لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویانكردەوە" هیچ نیەتێك و ڕێنمایی و ڕاسپاردەیەك نییە بۆ ئەوەی بۆ سبەی سێ شەممە پشووی سەرتاسەری لە عێراق ڕابگەیەنرێت،
سەرچاوەكە جەختیشی كردۆتەوە، پشووەكە تەنیا ڕۆژانی چوار شەممە و پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە دەبێت.
هەروەها راشیگەیاندووە" حكومەتە خۆجێیەكان دەتوانن بڕیار لەسەر پشوو یا دەوامی خۆیان بدەن بە گوێرەی سروشتی پارێزگاكەیان و پێویستی بۆ ئاسانكاری پڕۆسەی سەرژمێری و باشتر بەڕێوەچوونی رێكارەكانی سەرژمێری".
ئەمڕۆ دوو شەممە، هەریەكە لە پارێزگاكانی كەركوك و موسەننا و كەربەلا و موسل ریانگەیاند ڕۆژی سێ شەممە دەكرێتە پشووی فەرمی بۆ ئەوەی ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیان و فەرمانبەران بكرێت بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەكانیان بە مەبەستی سەرژمێری گشتی.