سەنگەر گواستنەوە کە بە دیاردەیەکی دزێو لەناو پێشمەرگەدا وەسف دەکرێت، وەزیری پێشمەرگە دەیەوێت رێگا لەم دیاردەیە بگرێت و بڕیاری بۆ دەردەکات.
دەنگی ئەمەریکا پێی نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە کە کۆپیەکی دەستکەوتووەو واژۆی (شۆڕش ئیسماعیل)ی وەزیری پێشمەرگەی لەسەرە، سەنگەر گواستنەوەی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە قەدەغە کردووە.
لە نوسراوەکەدا وێڕای ئەوەی دیاردەی سەنگەر گواستنەوە بە "قێزەون" ناودەبات، سزای یاسایی ئەو کەسانەش دەدات کە سەنگەر لەنێوان یەکەکانی بەیەکێتی و پارتی دەگوازنەوە.
نوسراوەکەی وەزیری پێشمەرگە کە لە ڕۆژی ١٢ تشرینی دووەم دەرچووە، باس لەوە دەکات لە پێناو دروست کردنی هێزی "یەکگرتووی کوردستان" ئەم بریارەی داوە.
لە ناوەرۆکی بڕیارەکەدا هاتووە،" لە پێناو دروستکردنی هێزێکی نیشتیمانی "یەکگرتووی کوردستان" بڕیارماندا بە قەدەغەکردنی سەنگەرگواستنەوە لە ناو هێزی پێسمەرگەی کوردستان بە فەرمانی وەزاریمان ژمارە ١٦٠٨٥."
هەروەها دەشڵێت،" بەهۆی سەرهەڵدانی ئەم دیاردە ناشرین و نا نیشتیمانییە لە چەند یەکەیەکی دیاری کراودا ، ئاگاداری تەواوی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەکانی دەکەینەوە کە هەر حاڵەتێک لەم شێوەیە ڕووبدات، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکەینەوە."
دەرکردنی ئەم فەرمانە لە کاتێکدایە، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٦وە جگە لە دابینکردنی ٢٠ ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ ئەو لیوایانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بە مەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان.
هاوکات بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ڕەخنە ئاڕاستەی وەزارەتەکە دەکرێت، بەهۆی جێبەجێنەکردنی میکانیزمی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە پێی ئەو لێکتێگەشتنە هاوبەشەی لە نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگەدا هەیە.
دەنگی ئەمەریکا لە زاری سەرچاوەیەکەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە کە داوای کرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، رایگەیاندووە" پرسی سەنگەر گواستنەوە لە نێوان یەکەکانی یەکێتی و پارتی بۆتە دیاردە و لە پێش هەڵبژاردنەوە سەری هەڵداوە بۆیە وەزیر ئەم بڕیارەی دەرکردووە."
سەرچاوەکە دەشڵێت،" پێشتریش ساڵی 2019 ئەو بڕیارە هەبوو، بەڵام کاری پێنەدەکرا، لەدوای سەرهەڵدانەوەی دیاردەکە، وەزیر ئەم بڕیارەی دەرکردووە."
لە خاڵێکی تری فەرمانە وەزاریەکەدا ئاماژە" بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گواستنەوانە دەکات کە لە دوای فەرمانە کۆنەکەی ساڵێ ٢٠١٩ەوە کراون."