سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییان لەسەر هەموو لایەک هەبوو"، دەشڵێت" سەرجەم ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێتەوە بە تەواوی گۆڕاون".
مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە وتارێکدا لە میانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە دهۆک بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند" ناکۆکییەکان بەر لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ و دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ کاریگەرییان لەسەر هەموو لایەک هەبوو".
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی" دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو نەخشەی قەیرانەکان گۆرانگاری بەسەردا هاتووە بە تایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،
دوای ئەو بەروارەش ناکۆکییەکانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر هەمووان هەبوو لە نێویشیاندا عێراق و هەرێمی کوردستان".
مەشهەدانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و ناوچەكە دەبنەوە بە تایبەت هەرێمی كوردستان، پێش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر زۆر جیاوازە بەراورد بە ئێستە.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند" گڕكانی ئاڵۆزییەكان لەو شوێنانەی كە هەبوون بەرەو ناوچەی تر فراوان بووە، لە هەمانكاتدا ڕێككەوتن و ئاشتییە كۆن و نوێیەكان بایەخیان پێ نادرێت".
بەیانی ئەمڕۆ پێنجەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئەمریكی شاری دهۆك دەستیپێکرد و بڕیارە بۆماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت.