ڕێبەر ئەحمەد: عێراق هەرگیز گرنگی بە بونیادنانی دەوڵەت نەداوە

وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ڕێکخراوی داعش لە ئێستادا مەترسیدارترە بۆ عێراق بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤". دەشڵێت" حکومەتی فیدراڵ ئامرازێکی ئەمن و ئاسایش نەبووە لە ناوچەکەدا، هەرگیز گرنگی بە بونیادنانی دەوڵەت نەداوە". 

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە لە میانی میوانداریکردنی دانیشتنێکی گفتوگۆی لە پەراوێزی دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی (ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست - مێپس ٢٤) لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک، ڕایگەیاند" پێشمەرگە فاکتەرێکی سەرەکی بوو بۆ وەستاندنی فراوانبوونی داعش بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان". 

وتیشی" ڕێکخراوی داعش تائێستا کۆتایی نەهاتووە و بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤ ئێستا مەترسیدارترە بۆ عێراق". 

ڕێبەر ئەحمەد دەشڵێت" بۆ لەناوبردنی ڕیشەیی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە، پێویستمان بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە". 

وەزیری ناوخۆی هەرێم وتیشی" حکومەتی فیدراڵ هەمیشە کێشەی ناوخۆی هەبووە و هیچ کاتێک ئامرازێکی ئەمن و ئاسایشی نەبووە لە ناوچەکەدا، هەروەها هەرگیز گرنگی بە بونیادنانی دەوڵەت نەداوە". 

لێدوانەکەی ڕێبەر ئەحمەد لە کاتێکدایە، بەیانی دوێنێ پێنجەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئەمریكی شاری دهۆك دەستیپێکرد و بڕیارە بۆ ماوەی دوو ڕۆژی دیکە بەردەوام بێت.



PM:01:52:23/11/2024