بارزانی: ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم زیانی زۆری هه‌بووە

مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت" ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بووە هۆی ئەوەی خەزێنەی دەوڵەتی عێراق نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار لەدەست بدات، زیانی زۆریشی بۆ هەرێم هەبووە". 

مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە پەراوێزی دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە دهۆک بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند" گومانی تێدا نییە ئێمە نیگەرانین لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق". 

جێگری سەرۆکی پارتی دەشڵێت" نامانەوێت عێراق بچێتە ناو ئەم شەڕە بەردەوامەی ناوچەکەوە، هەروەها پێویستە حکومەتی عێراق ڕۆڵی هەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئاشتی و نزیککردنەوەی دیدگای نێوان لایەنەکان، نەک هەڵکردنی بڵێسەی شەڕ و ئاڵۆزکردنی پرسەکان و قەیرانەکان کە لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا نییە". 

بارزانی جەختی لەوەشکردەوە کە" پێویستە حکومەتی فیدراڵ بەرژەوەندی گەلەکەی لەبەرچاو بگرێت و لە پێشینەی کارەکانیدا بێت". 

هەروەها مەسرور بارزانی نیگەرانی خۆی لە پشتبەستنی عێراق بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی داهاتی وڵاتەکە دەربڕی و وتی" ئەمە هەمیشە نوێنەرایەتی کێشەیەک دەکات، چونکە نرخی نەوت ڕوبەڕووی هەوراز و نشێو دەبێتەوە". 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەوڵمانداوە بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات، عێراقیش دەبێت ئەو کارە بکات و پشت بە نەوت نەبەستێت وەک تاکە سەرچاوەی داهات". 

مەسرور بارزانی هێمای بۆ ئەوەشکرد، وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە هۆی ئەوەی تا ئێستا خەزێنەی گشتی دەوڵەتی عێراق بڕی ٢٠ ملیار دۆلار زیانی پێبگات، زەرەمەندی گەورەش هەرێمی کوردستانە و دەبێت یاسای نەوت و گاز نوێبکرێتەوە.

جەختیشیکردەوە کە حکومەتی عێراق قەرەبووی هەرێمی کوردستانی نەکردووەتەوە و مووچەی مانگانەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە دوادەکەوێت.



PM:05:00:23/11/2024