مەسرور بارزانی: دەبێت سزای بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بدرێت

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی تشرینی دووەم مەسرور بارزانی لە شاری هەولێر بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانی دانا بە هاوکاری دەزگای خێرخوازی بارزانی و ڕێکخراوی خێرخوازی LDS.

مەسرور بارزانی لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا ڕایگەیاند" ئەمڕۆ ئێمە بەردی بناغەی سەنتەری چارەسەرکردنی بەکارھێنەرانی ماددەی هۆشبەر دادەنێین، بەو پێیەی مادەی هۆشبەر مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگا، ھیوادارین کە بەشدار بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەکارھێنانی ماددە هۆشبەرەکان".

وتیشی" حکومەت لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان و سندوقێکی بۆ ئەو مەبەستە کردۆتەوە، و کردنەوەی ئەم سەنتەرە بەشێکە لە بەرنامەی حکومەتی هەرێم". 

بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، خاڵێکی گرنگ هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان ئەو بازرگانانەی کە دەبێت سزا بدرێن و ئەوانەی کە بە هەر هۆکارێک دەبنە قوربانی.

هەروەها دەشڵێت" لەم دواییانەدا زیادبوونی بەرچاومان لە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بینیوە، هێزەکانمان ڕۆژانە سەرکەوتوو دەبن لە دەستگیرکردنی بازرگانان و پێویستە بە توندترین شێوە سزای بازرگانانی مادەی هۆشبەر بدرێت". 

مەسرور بارزانی داواشیکرد کە حکومەتی فیدراڵ ڕێوشوێنی زۆر توند بەرامبەر ئەو کەسانە بگرێتەبەر کە بازرگانی بە ژیانی مرۆڤەوە دەکەن. 

ڕاشیگەیاند" هەموو شتێک دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ماددە هۆشبەرانە ئەرکێکی نیشتمانییە بۆ هەموو لایەک، و دەبێت لە خێزانەوە دەست پێبکەین". 



AM:10:28:26/11/2024