هەسەدە: ١٧ چەکداری ئیسلامی کوژران

 
لە ئۆپەراسیۆنی هێزی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، لە دژی بارەگاکانی سوپای داگیرکەری تورک، لە گوندی بوێهیج ئەلئاجەمی لە منبج ١٧ چەتە کوژران و شەش چەکداری دی برینداربوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج لە گوندەکانی ڕۆژئاوای شاری منبج، دژی گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی دەوڵەتی تورکیا دەستیان پێکردووە.

قەسەدە ڕایگەیاند، "لە چوارچێوەی مافی پاراستنی ڕەوا لە بەرامبەر تاوان و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گرووپە چەتەکانی، کە دوایین نموونەی کۆمەڵکوژی گوندی "فاتسە” بوو لە ڕۆژهەڵاتی عەین عیسا، کە تیایدا سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا، هەروەها کۆمەڵکوژی دژ بە گەلی کۆچبەرمان لە ناوچەی شەهبا و وەک تۆڵەی شەهیدانی گوندی "عەبدوک” هێزەکانمان بە هەموو یەکە سەربازییەکانیانەوە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوویان ئەنجامدا، لەو چالاکییانەدا بنکەکانی داگیرکەران و چەتەکانیان لە ناوچە داگیرکراوەکانی باکووری سووریا کرانە ئامانج".

هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆژی ٢٤ـی ئەم مانگە هێزەکانمان لە ئەنجوومەنی سەربازیی منبج چالاکییەکی تایبەت و هەمەلایەنەیان ئەنجامدا، لەم چالاکییەدا  ١٧ ئەندامی چەکداری سوپای داگیرکەری تورک کوژران و شەش کەسیان بە سەختی بریندار بوون. لەهەمانکاتدا دوو ئۆتۆمبێل و سێ بنکەی سەربازیی تێکشکێندراون و شەڕڤانانمان دەستیان بەسەر نۆ چەکدا گرتووە کە تۆپهاوێژێکی تێدابووە لەگەڵ ژمارەیەک بەڵگەنامە و تەلەفۆنی چەتەکان.




AM:12:03:27/11/2024