فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، رایگەیاند" کاردەکەین و لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیدان بۆ هێنانەدەرەوەی خەڵکەکەمان لە ناوچەکانی تەلرەفعەت و شەهبا و گواستنەوەیان بۆ ناوچەیەکی سەلامەت لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا". ئەوە لە کاتێکدایە کە روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ شەوی رابردوو رایگەیاند، نزیکەی ٢٠٠ هەزار کوردی ئەو ناوچانە لەبەردە پاکتاوکردندان.
مەزڵوم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی"ویستمان رێرەوێکی مرۆیی لە نێوان ناوچەکانمان لە حەلەب و تەلرەفعەت بکەینەوە، بەڵام هێرشی گرووپە چەکدارەکانی پشتیوانکراو لەلایەن تورکیاوە ئەو رێرەوەیان بڕی و ئێستا کار بۆ بردنەدەرەوەی خەڵکەکەمان دەکەین لە ناوچەکانی تەل رەفعەت و شەهبا بەرەو ناوچەیەکی سەلامەت".
لەبارەی رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی سوریاوە، عەبدی ئاماژە بەوە دەکات، رووداوەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە شێوەیەکی خێرا و لەناکاو پەرەیانسەند.
مەزڵوم عەبدی ئەوەش دەخاتەڕوو کە هێزەکانیان بەرەنگاری چەند هێرشێکی چڕ بوونەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی رووخان و کشانەوە.
فەرماندەکەی هەسەدە ئاشکرای دەکات کە خەڵکەکانیان لە هەردوو گەرەکی ئەشرەفیەو شێخ مەقسود ماون و هێزەکانیان بەرگریان لێدەکەن.