ناوی کاندیدانی پۆستی سەرۆکایەتی و جێگر و سکرتێری پەرلەمان ڕاگەیەندرا

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی کاتی پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆکی پەرلەمان کردەوە تائێستا ١٦ پەرلەمانتار خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان کاندید کردووە. 

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جێگر و سکرتێری پەرلەمان کرانەوە. 

هەر بەپێی زانیارییەکان، تائێستا هەریەک لە کوردەوان جەمال لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ و شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و میران محەمەد لە فراکسیۆنی یەکێتی و ڤالا فەرید و هەڵگورد نەجیب لە فراکسیۆنی پارتی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کاندید کردووە. 

هەروەها هەریەک لە عەدنان سەید حسێن، ئازاد محەمەد ئەمین، بەهجەت عەلی ئیبراهیم، مەرد عەلی ڕەسوڵ، ئومێد عەلی حەمە ساڵح، وەک جێگری سەرۆکی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەربژێرن. 

هاوکات ئەو پەرلەمانتارانەی خۆیان بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمان کاندید کردووە بریتین لە شیرین یونس عەبدوڵا، شلێر غەفوور ساڵح، سەوسەن کاکە مەند، ڕامی نوری، هاڤین سەعید خضر، نەژدەت نوری محەمەد. 

کاتژمێر (١٢:٤٠) خولەکی ئەمڕۆ یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین پەرلەمانتار و ئامادەبوونی چەندین کونسوڵ و نوێنەرى وڵاتان لە هەرێم و عێراق دەستیپێکرد و تێیدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد.



PM:05:53:02/12/2024